نرخی نەوتی برێنت 70 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی نیگەرانیی بازرگانان لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت دابەزی و بە 70 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی و گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان لەدوای رۆژی 30ـی مانگی یەکی ئەم ساڵ.
بەپێی هەندێ راپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران زۆرە، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو لایەنە رایانگەیاندووە، دانوستاندنەکانی نێوانیان لە جنێڤ بەرهەمدار بووە.
هیرۆیکا کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە دەڵێت، "ناکۆکیی نێوان واشنتن و تاران تەشەنەی کردووە، بەڵام هێشتا ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی تەواو گەورە کەمە. لەبەر ئەوەش بازرگانانی نەوت بە وریاییەوە چاودێری گۆڕانکارییە جیوسیاسیەکان دەکەن."