نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 4850 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوە کرایەوە، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە لەدوای راگەیاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ، ئەمڕۆ بە نزیکە 4850 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ تاوەکو نزیکەی 4800 دۆلاریش دابەزی.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە نزیکەی 4858 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەیی نرخی زێڕ لە ئەمڕۆدا بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بەرزبوونەوەکانی نرخی دۆلار ئەمڕۆ کۆتاییانهات و پێنوێنی دۆلار بەرەو دابەزین ئاراستەی گۆڕدراوە، ئەوەش نرخی زێڕی بەرزکردووتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ سنوورداربووە."
 
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە 112 دۆلار، ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لەسەر سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان.