نرخی نەوت نزیکەی 2٪ دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 2٪ دابەزی بەهۆی ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە پلانی هێرشکردنەوە سەر ئێرانی راگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت لە رێگەی دانوستاندنەوە کۆتایی بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 3 دۆلار دابەزی و بەرمیلێکی بە 109 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 38 سەنت دابەزی و بە 107 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا.
 
ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "دەرفەتێکی زۆر باش" هەیە کە ئەمریکا بتوانێت لەگەڵ ئێران بگاتە رێککەوتن بۆ رێگریکردن لەوەی تاران چەکی ئەتۆمی دەستکەوێت. ئەم لێدوانەی ترەمپ چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنی وەستاندنی چالاکییە سەربازییەکان هات بۆ رێگەدان بە ئەنجامدانی گفتوگۆ.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) رایگەیاند: "لە کاتێکدا ئاماژەکەی ترەمپ هەندێک لە گوشارە هەنووکەییەکانی کەمکردووەتەوە، بەڵام مەترسییە بنەڕەتییەکان هەر ماون.
 
واتێرێر دەڵێت: "بازاڕ ئێستا چاودێری ئەوە دەکات ئایا لێدوانەکانی ترەمپ گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی راستەقینە دەکەن بەرەو هێورکردنەوە، یان تەنیا وەستانێکی تاکتیکییە."
 
گوتیشی: "جگە لەوەش، چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ دوایین پێشهاتەکان و ئەوەی کە لە واقیعدا لەسەر ئاوەکان روودەدات سەبارەت بە جووڵەی تانکەرەکان بە تەنگەی هورمزدا، لەمەودوا فاکتەری سەرەکین بۆ دیاریکردنی ئاراستەی نرخی نەوت."
 
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کردەیی تەنگەی هورمزی داخستووە، کە رێڕۆیێکی ئاویی یەکجار گرنگە و نزیکەی 20٪ـی دابینکردنی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پچڕانی دابینکردنی نەوت زیاد کردووە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە هەڵوێستی تاران لە رێگەی پاکستانەوە بە ئەمریکا گەیێندراوە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.
 
بەرپرسێکی پاکستانی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، ئیسلام ئاباد پێشنیارێکی نوێی لە نێوان هەردوولادا گەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بە سستیی بەرەوپێشچوونەکان کرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی نیمچە فەرمی ئێران بڵاویکردەوە کە واشنتن رازی بووە لە کاتی دانوستاندنەکاندا سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران هەڵبگرێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو بانگەشەیەی رەتکردەوە.