یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4550 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە تا رادەیەکی زۆر جێگیر بوو و گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە. وەبەرهێنەران و بازرگانان چاویان لە دوایین لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپە لەسەر جەنگی ئێران و چۆنییەتی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. 
 
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بە رێژەی 0.1% دابەزی بۆ نزیکەی  4550 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای رۆژی  30ی مانگی ئادارەوە تۆمار کرد. 
 
ئیلیا سپیڤاک،  شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ( تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە دەڵێت، "بازاڕەکان هەوڵ دەدەن بزانن هەنگاوی داهاتوویان چی دەبێت و بەتایبەتی جەنگی ئێران بەرەو چ ئاراستەیەکدا دەڕوات."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "وەبەرهێنەران لەلایەکی دیکەوە چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی کۆنووسی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن کە لەسەر کۆبوونەوەکەی پێشوویانە و دەیانەوێ بزانن هیچ ئاراستەیەکی نوێی و ئاماژەی نوێی سەبارەت بە سیاسەتی نەختی بانکەکە تێدایە یان نا."
 
کۆنووسەکە رۆژی چوارشەممە بڵاودەبێتەوە.
 
نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە تاوەکو 4482 دۆلاریش دابەزی کە نزمترین ئاستی زیاتر لە یەک مانگی رابردووە.