لە ئەمریکاش نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە؛ هاووڵاتیان نیگەرانن


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بووژانەوەی ئابووری، ئەمساڵ خواست لەسەر بەنزین زیادبووە، لەکاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ساڵی 2020دا 42 دۆلار بوو، تێکڕای بەرمیلێک لە ئەمساڵدا 66 دۆلارە.
 
لەلایەکی دیکەوە نرخی نەوتی خاویش بە رێژەی 57٪ بەرزبووەتەوە. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش، کە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، لە چەندین وڵات نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، لەوانە، ئەمریکا. 
 
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا خەڵکی نیگەران کردووە، ئەوە وایکردووە هاووڵاتیانی ئەمریکی بەر لە گەشتکردن بە ئۆتۆمبێڵ دووجار بیربکەنەوە.
 
لیزا دانیشتووی نیویۆرکە بە رووداوی گوت، "ئەمە کار لە من و خەڵکانی دیکەش دەکات، روونیشە کە نرخی هەموو شتێک لەبەر کۆرۆنا بەرزدەبێتەوە، نرخەکان بەرزبوونەتەوە. ئێمەش دەبێ هۆشیارانەتر ئۆتۆمبێل لێبخوڕين، بەنزینخانەش بدۆزینەوە بە نرخی هەرزانتر بەنزین بفرۆشن."
 
لە ئەمریکا تێکڕای نرخی بەنزین لەساڵی 2020دا بۆ لیترێک بە 55 سەنت بوو، بەڵام ئێستا نرخی لیترێک بەنزین بەرزبووەتەوە بۆ 84 سەنت، ئەوەش کاریگەریی زیاتری بەسەر ئەو ئەمریکییانەوە هەیە کە خەرجیی رۆژانەیان زۆرە.
 
لینا دانیشتوویەکی دیکەی نیویۆرکە و دەڵێت، "جاران هەفتەی دوو جار بەنزینم دەکردە ئۆتۆمبێلەکەمەوە، ئێستا پێویست دەکات هەفتەی سێ جار پڕی بکەمەوە، نرخی بەنزین لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە بەڕاستی ئەمە کاری لە گیرفانم کردووە."
 
ئیدارەی بایدن داوا لە ئۆپێک دەکات نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئۆپێک بەم داوایەی ئەمریکا رازی نەبووە، ئەوەش هاووڵاتیانی ئەمریکی لە دابەزینی نرخی نەوت بێهیوا کردووە.
 
بەشێک لە ئەمریکییەکان وەکو لیزا دەڵێن، چاوەڕوان دەکەن بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین تاوەکو زستان بخایێنێت، لیزا دەڵێت، "پێموایە ئەمە هەتاوەکو زستان دەخایەنێت ئەویش لەبەر کۆرۆنا و لەبەر ئەوەی هەموو شتەکانی دیکەش نرخیان لە بەرزبوونەوەدایە، وەکو دەیبینن ئەمە بەردەوامە و شێتانەیە، بۆیە من پێموانییە نرخی بەنزین بەهیچ شێوەیەک بەمزووانە دابەزێت."
 
جۆ بایدن گومان دەکات هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بازرگانی نایاسایی بێت و پەیمانی داوە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بنبڕ بکات. لینا دەڵێت، "هیواخوازین نرخی گاز دابەزێت، چونکە پاری زۆرمان لە سووتەمەنی دەڕوات"
 
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی جیهانییە. نرخی بەنزین لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو زیاتر لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرزبووەتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتانەیە.
 
ئێستا نرخی بەنزین لە چین گرانترە لە ئەمریکا. هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین رووسیای ناچارکرد هەناردەکردنی بەنزین رابگرێت.