جووتیارێكی كورد كێشی مراویی خۆماڵی بۆ دوو هێندە زیاد دەكات

رووداو- هەولێر 

جووتیارێكی شاری هەولێر لە ئەنجامی لێكدانی مراوی خۆماڵی لەگەڵا جۆرە مراوییەكی ئەوروپی كە بە پەكینی ناسراوە، كێشی مراویی خۆماڵی بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەكات .  

مراوی پەكینی بە یەكێك لە بڵاوترین جۆرەكانی مراوی لەسەر ئاستی جیهان و خێراترین جۆری مراوی بۆ گەشە لەنێو سەرجەم جۆرەكانی مراوی دادەنرێت.

زێدی رەسەنی ئەم مراوییە شاری پەكینی چینە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1873 گەیشتووەتە ئەمەریكا و دواتر بە وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیادا بڵاوبووەتەوە.

مەسعود محەممەد، خاوەنی كێڵگەی زنجیر بۆ بەخێوكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ، جووتیارێكی پێشكەوتووی شاری هەولێرە، ماوەی پێنج ساڵە لەكێڵگەكەیدا مراوی بەخێودەكات، دەڵێت "سێ ساڵا بەر لە ئێستا بە هاوكاریی هاوڕێیەكم هەندێ مراوی پەكینیم لە هۆڵەندا هێنا، ویستم لە كێڵگەكەمدا بە مەبەستی بازرگانی بەخێوی بكەم، بەڵام مراوییەكان بەرگەی گەرمای هەولێریان نەگرت و بەشێكیان مردن، بۆ زیادكردنی بەرگرییان و گونجاندنیان لەگەڵ كەشی هەولێر، بیرم لەوە كردەوە لەگەڵ مراوی خۆماڵی لێكیان بدەم".

مەسعود لە لێكدانی مراوییەكان سەركەوتوو بوو، بەو هۆیەوە كێشی مراوی بۆ دووهێندە زیاد كرد. مەسعود دەڵێت "كێشی مراویی مێیەی خۆماڵی لە كیلۆیەك و نیو و نێرەكەشی لە دوو كیلۆ و 300 گرام تێپەڕ ناكات، لەئەنجامی لێكدانی مێیەی مراویی خۆماڵی لەگەڵ نێرەی پەكینی، توانیم كێشی مێیەی مراویی خۆماڵی بە خۆراكێكی ئاسایی بەسێ مانگ بگەیەنمە سێ‌ كیلۆ، نێرەكەشی بگەیەنمە 4 كیلۆ و نیو. ژمارەی هێلكەكردنیش بگەیەنمە 180 هێلكە لە ساڵێكدا". 

مراوییە لێكدراوەكانی مەسعود لە بازاڕ خواستێكی زۆریان لەسەرە، ئەمەش وای لە مەسعود كردووە كێڵگەكەی فراوان بكات و هێلكەكان لەنێو هەڵهێنەر دابنێتەوە. مەسعود دەڵێت "تەنیا ساڵی رابردوو نزیكەی 5 هەزار مراویم فرۆشتووە، جووتێك مراویی یەك رۆژەم بە 10 هەزار دینار داوە، گەورەكانیشم بە كۆ بە 50 هەزار دینار داوە، یەك دانە هێلكەشم بە 2500 دینار فرۆشتووە".

ئەم جووتیارە بەردەوامە لەلێكدانی مراوییەكان، بۆ چارەسەرەی گرفتی گەرماش لە مانگی حوزەیرانەوە تاوەكو مانگی تشرینی یەكەم ئامێری فێنككەرەوە و ئامێری ئاوپرژاندن بۆ مراوییەكان دادەنێ‌.

مەسعود محەممەد گوتی "نزیكەی 400 مراویی دایكانەم لە كێڵگە هێشتووەتەوە، ئەمساڵ جگە لە لێكدانی نێرەی پەكینی لەگەڵ مێیەی خۆماڵی، بەنیازم بۆ زیادكردنی كێش جارێكی دیكە لەگەڵ مێیە لێكدراوەكانیش لێكیان بدەمەوە". 

تایبەتمەندییەكی دیكەی مراویی پەكینی لەوەدایە لە ئەنجامی لێكدانی لەگەڵ جۆرە مراوییەكانی دیكە تایبەتمەندییە باشەكانی لە هێلكە و گۆشت دەگوازێتەوە بۆ نەوەكانی، بۆیە لە هەندێ وڵات ناوێكی دیكەشی بەدوادا دێت وەك پەكینیی ئەمەریكی، پەكینیی فەرەنسی، هەندێجاریش بەمۆلار ناودەبرێت، چونكە لە فەرەنسا لە ئەنجامی لێكدانی لەگەڵ مراویی مۆلار رەنگی دیكەشی بۆ پەیدا بووە، لە كوردستانیش بە مراویی شامی و هەندێجاریش بەمراویی هۆڵەندی دەناسرێت.  

ئیبراهیم حەداد، خاوەن كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر لە شاری هەولێر ماوەی چەند ساڵێكە مراویی پەكینی بەخێو دەكات. ئەو دەڵێت "مراویی پەكینی ئەگەر كەشێكی گونجاوی بۆ بڕەخسێ لە كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان تاوەكو 150 هێلكە دەكات، هێلكەكانیشی رەنگیان سپییە و لە هێلكەی مراویی خۆماڵی گەورەترە". ئیبراهیم حەداد گوتیشی "لە كوردستان خواستێكی زۆر لەسەر مراویی پەكینی هەیە، بۆیە نرخی بەرزە و جووتێك مراویی پەكینی لەبازاڕ نزیكەی 100 تاوەكو 140 هەزار دینار دەكات". 

لەجیهاندا نزیكەی 400 جۆری مراوی هەیە، هەندێكیان بەپێی قەبارە و هەندێكیان بەگوێرەی هێلكە و كێش و هەندێكی دیكەشیان بەگوێرەی شێوە لێك جیاكراونەتەوە، تایبەتمەندییەكانیان دیاریكراوە و ناوێكی تایبەتیان بۆ دانراوە.

لە هەرێمی كوردستان جگە لەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ خاوەنی هیچ ئامارێك لەسەر ژمارە و جۆرەكانی مراوی نییە، پێناچێت هیچ توێژینەوەیەكی زانستیش لەسەر تایبەتمەندییەكانی مراویی خۆماڵی كرابێت، بۆیە نازانرێت ئەو مراوییەی لە كوردستان هەیە، مراویی رەسەنی كوردییە یان مراویی هاوردەكراوە.

د.یوسف بەرزنجی، سەرۆكی بەشی سامانی ئاژەڵ لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەلاحەددین دەڵێت "لەپاش راپەڕینەوە لە زانكۆكانی كوردستانم، تاوەكو ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی زانستیم لەسەر مراوی نەدیوە، بۆیە باوەڕ ناكەم هیچ توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر تایبەمەندییەكانی مراویی خۆماڵی لە كوردستان كرابێت". 

لێكدانی دوو رەچەڵەكی جیاوازی باڵندە كە سەر بەیەك خێزانن، رێگەیەكی زانستییە، ئامانج لێی زیادكردنی گۆشت و هێلكەیە یان بۆ دەركەوتنی جۆرێكی تازەی باڵندەیە بەتایبەتمەندیی جیاوازەوە.

د.یوسف بەرزنجی دەڵێت "لە ئەنجامی لێكدانی دوو رەچەڵەكی جیاوازی باڵندە كە یەكێكیان كێشی زیادبێت ئەوی دیكەیان كێشی كەمبێت، بەشێوەیەكی گشتی بەشێك لە نەوەكان كێشیان زیاد دەبێت و جاربەجاریش هەندێ تایبەتمەندیی زۆر باش لە نەوەكاندا دەردەكەوێت كە جیاوازە لە هەردوو رەچەڵەكە لێكدراوەكە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنیان تێدا بكرێت و لێكبدرێنەوە، لەئەنجامدا هەندێجار رەچەڵەكێكی تازە بە تایبەتمەندی جیاوازەوە دروست دەبێت".

سەبارەت بەو كارەی ئەو جووتیارە كردوویەتی، د.یوسف دەڵێت "ئەگەر ئەو جووتیارە لە رێگەی لێكدانی ئەو جۆرە مراوییە هاوردەكراوە كە شێوە و تایبەتمەندییەكانی لە مراویی پەكینی دەچێت، كێشی مراویی خۆماڵی بۆ دوو هەندەی خۆی زیاد كردبێت، كارێكی باشی كردووە و پێویستە توێژینەوەی لەسەر بكرێت".

تایبەتمەندییەكانی مراویی پەكینی

مراویی پەكینی دەتوانرێت بۆ گۆشت و هێلكە و جوانی بەخێوبكرێ، چونكە شێوەكەی جوانە، پەڕەكانیی سپین و رەنگی دەنووكیشی پرتەقاڵی یان زەردە. گەشەی خێرایە، لە ماوەی هەشت هەفتەدا كێشی نێرەكەی دەگاتە 4.5 كیلۆ، مێیەكەشی 3- 3.5 كیلۆ. ئەم جۆرە مراوییە لە ساڵێكدا 150 تاوەكو 180 هێلكە دەكات، هێلكەكانیش لەماوەی 28 رۆژ دەتروكێن و رێژەی هەڵهێنانی لەئامێر دەگاتە 80%، بۆیە بە مراوییەكی گونجاو بۆ بەخێوكردن دادەنرێت. پەكینی، مراوییەكی زیرەك و ماڵییە، بەخێرایی خۆی لەگەڵ ژینگە و مرۆڤ دەگونجێنێ. ئەگەر بۆ گۆشت بەخێونەكرێت، ناوەندی تەمەنی دەگاتە 9 تاوەكو 12 ساڵ.