نرخی زێڕ بە نزیکەی 4675 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی کرد و ئۆنسەیەکی بە 4675 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ توانی ئاستی 4690 دۆلار بپێکێت کە ئاستێکی نوێی مێژووییە.
 
لە دوای گەیشتن بەو ئاستە مێژووییە، نرخی زێڕ هەندێ پاشەکشەی کرد، بەڵام ئەمڕۆ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و بەرەو ئەو ئاستە مێژووییە هەنگاو دەنێت.
 
هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کە پێداگری خۆی پێشانداوە سەبارەت بە سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان بەسەر وڵاتە ئەورووپییەکان بۆ ئەوەی رازییان بکات بە فرۆشتنی گەورەترین دوورگەی جیهان، گرینلاند بە ئامریکا.
 
(لین تران)، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئێکس ئێس دۆت کۆم)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کاتێک مەترسییەک لە بازاڕدا سەر هەڵدەدات، بازاڕ روو لە کڕینی ئەو سامانانە دەکات کە بە وەبەرهێنانی سەلامەت هەژماردەکرێن."
 
زێڕ ئەو سامانەیە کە لە کاتی ناڕوونی و نادڵنییاییە ئابووریی و سیاسیی خواست لەسەری بەرزدەبێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە ( میشل باومان)، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندی رایگەیاند، "دۆخی بازاڕەکان بە چەشنێکە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە سستبوونەوەی زیاتر دەتوانێت سوودی بانکی زیاتر دابەزێنێت."
 
دابەزینی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەمدەکاتەوەو پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ و کانزاکانی دیکە دروستدەکات.