نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 64 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی داتا ئابوورییەکانی چین کە باشتر بوون، لە ئاستی پێشبینییەکان، بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ سێشەمە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 19 سەنت بەرزبووەوە و بە 64 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 59 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
گەشەی ئابووری و پیشەسازی چین گەشبینی دروستکردووە کە خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد دەبێت.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داتاکانی پەیوەست بە گەشەی ئابووری چین لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو، پاڵپشتییان بۆ نرخی نەوت درووستکردووە."
 
سایکامۆر دەڵێت خۆڕاگریی ئابووری چین پاڵپشت بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.
 
بەپێی ناوەندی فەرمی ئاماری چین، ئابووریی چین لەو ماوەیەوە توانیویەتی ئامانجەکانی حکومەت بپێکێت و بە رێژەی 5٪ گەشەی کردووە.
 
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە بەردەوامی هۆکارێکی ئەرێنییە بۆ نرخی نەوت.