ئۆنسەیەک زیو بە 80 دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زیو 50 سەنت دابەزی و بە 80.23 دۆلارە.
 
بەم پێیە، ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا کیلۆیەک زیو بە 2,580 دۆلارە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە سەرەتای کرانەوەی بازاڕەکان، نرخی زیو ئاستی 78.64 دۆلاریشی تۆمارکردبوو، بەڵام بەخێرایی زیانەکانی قەرەبووکردەوە.
 
ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکان لە تەنگەی هورمز جارێکی دیکە سەریانهەڵدایەوە و بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەستی بەسەر کەشتییەکی ئێرانی لە کەنداوی عوماندا گرتووە، دوای ئەوەی کەشتییەکە گوێی بە هۆشدارییەکان نەداوە. لە بەرامبەردا، تاران دەڵێت، گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە، پێشێلکردنی ئاگربەستە.
 
هاوکات ترەمپ، ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتن هەیە و خولێکی دیکەی دانوستاندنەکان لە پاکستان هەیە، بەڵام ئێران هیوایەکی زۆری بە گەیشتن بە رێککەوتن نییە.
 
ئەم گرژییانە بوونەتە هۆی شۆکێکی مێژوویی لە دابینکردنی وزەدا، کە مەترسییەکانی هەڵاوسانی زیاتر کردووە و ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی ناوەندیی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی کانزاکان داناوە.