نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 4800 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
توندبوونەوەی ململانێی ئێران و ئەمریکا لە تەنگەی هورمز و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە، دووبارە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 50 دۆلار دابەزی و ئێستا لە دەوروبەری 4800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایڤ) رایگەیاند، "ئاگربەستە دوو هەفتەیییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران خەریکە کۆتایی پێدێت کە بازاڕەکانی جیهانی بەرزکردبووەوە."
هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ئەمریکا بگەنە پاکستان بۆ دەستپێکردنی خولی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی رایانگەیاندووە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکیان، ئامادەی دانوستاندن نابن.
بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی نەوت و لەدوای ئەوەش بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سیاسەتی نەختی تووند بگرێتەبەر کە زیان لە نرخی زێڕ دەدات.