رۆژنامەی حەیات: عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای "کۆمۆ" دەکات

رووداو-هەولێر

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایگەیاند یەکێک لەو مەرجانەی کە حکومەتی فیدراڵی بەنیازە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکات هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە "کۆمۆ".

رۆژنامەی (حەیات)ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقی گواستەوە:"یەکێک لەو مەرجانەی کە حکومەتی فیدراڵی عێراق بەنیازە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکات هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە "کۆمۆ".

هاوکات عەلی مووسەوی، راوێژکاری رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاند: "کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بوو، تێیدا هەردوولا رێککەوتن لەسەر تاوتوێکردنی پێشنیازی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوولا"، بەبێ ئەوەی کات و شوێنی ئەو کۆبوونەوە ئاشکرا بکات.

مووسەوی گوتیشی: "پێشنیازی وەزارەتی نەوت جەخت لەسەر هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە چ لە عێراق یان هەرێمی کوردستان تەنها بەرێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و بڕیارە هەولێر هەفتەی داهاتوو وەڵامی ئەو پێشنیازە بداتەوە".

راوێژکاری رۆژنامەوانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا "ئەوەی گرنگە بەلای حکومەتی فیدراڵییەوە ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەولێر نەبنە هۆی کەرتبوونی یەکریزی نیشتمانی و پێشێلکردنی سەروەری عێراق".

رۆژی یەکشەممەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد بۆ تاوتوێکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پشکی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014.کە وەک دەگوترێت رێککەوتنێکی گشتیی لەو بارەیەوە کراوەو بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەش ئەنجامبدەن.

د.عەبدولكەریم لعێبی ، وەزیری نەوتی عێراق ، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ، رایگەیاند كە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستپێدەكەنەوە، گوتیشی بۆ ئەو مەبەستە نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگهێشتیكردوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆكان.