رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو 47 ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، زۆر کاریگەر بوو.
دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ بووە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی لێکەوتەوە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-1-2025) بەڕێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە و بە 2724 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر 6 دراوی سەرەکی دەپێوێت، رۆژی سێشەممە بەڕێژەی 0.1٪ دابەزی.
یپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمبوونەوەی مەترسییەکان لەبارەی سەپاندنی دەستبەجێی پێناسی گومرکی لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلار داناوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت هۆکاری جیاواز هەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و پێیوایە ئاستی 2720 دۆلار، ئاستێکی هەستیارە کە ئاراستەی درێژخایەنی نرخی زێڕ دەستنیشان دەکات.
بەپێچەوانەی ئەوەی پێشبینیدەکرا، لە یەکەم رۆژدا دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی نەسەپاند.
ترەمپ رایگەیاندبوو ئەمریکا هێشتا ئامادە نییە، بەڵام رەنگە مانگی داهاتوو ئەو بڕیارە دەربکات.
سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بە یەکێک لەو هۆکارانە پێناسە دەکرێت کە دەتوانێت هەڵاوسان بگەڕێنێتەوە ئەمریکا. بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندی ئەمریکا دادەنێت و بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوە، بەوپێیەی بانکی ناوەندی ناچار دەکات رووبکاتەوە سیاسەتی تووندی نەختی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ