بەڤیدیۆ.. ئۆتۆمبێلەکەی جەیمس بۆند بە 3 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار فرۆشرا

رووداو - هەولێر

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە مۆزەخانەی بۆند لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە نوێترین بەشی فیلمی سینەمایی جەیمس بۆند بە ناوی سپێکتەر بەکارهاتوون فرۆشران.


زۆرترین بڕی داهات لەم زیادکردنە بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بوو، کە لە جۆری ئۆستۆن مارتین دی بی 10-ەو لە زیادکردنەکەدا بە بڕی ٣ ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلاری ئەمەریکی فرۆشراوە.

لە زیادکردنەکەدا بەشێکی زۆر لەو کەلوپەلانەی کە بەشی سپێکتەری فیلمی جەیمس بۆند بەکارهاتوون بۆ فرۆشتن نمایشکرابوون، چاودێرانی زیادکردنەکە پێشبینیان دەکرد زۆرترین نرخی ئۆتۆمبێلەکە بگاتە ٢ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام نرخەکەی نزیکەی دوو ئەوەندە زیاتر بوو.

سپێکتەر ٢٤-ەمین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی جەیمس بۆند بوو، فیلمەکە لە سەرەتای مانگی ١١-ی ساڵی ٢٠١٥ چووە سینەماکانی جیهانەوە، بودجەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی لە بەرهەمهێنانی خەرچکراوە، داهاتی فیلمەکە تا ئێستا ٨٨٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی تێپەڕاندووە.