نەوتی برێنت بە زیاتر لە 105 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای دوو رۆژ دابەزینی بەردەوام، بەرزبووەوە.
 
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاراستەی نرخی نەوتی پێچەوانە کردووە.
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 81 سەنت بەرزبووەوە و بە 105 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 97 سەنت بەرزبووەوە و بە 99 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران و واشنتن لە قۆناخی کۆتاییدان بۆ رێککەوتن، نرخەکانی نەوت رۆژی چوارشەممە بەڕێژەی 5.6٪ دابەزین.
 
دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەیشی لە ئێران کردووە و تەنیا چەند رۆژێک دەرفەتی داوەتە ئەو وڵاتە کە وەڵامێکی ئەرێنی بداتەوە بۆ رێککەوتن.