ئۆنسەیەک زێڕ بە 4534 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێودەکرێت.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 4534 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوو هۆکاری سەرەکی کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن، بریتین لە هیوا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە و مەترسی لەسەر هەڵدانەوەی هەڵاوسان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، "دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران لە قۆناخی کۆتاییدان، بەڵام هۆشداریشیدا ئەگەر ئێران رێککەوتن واژۆ نەکات، رووبەڕووی هێرشی توندتر دەبێتەوە".
کێڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بەوەی ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی رێککەوتن، هەستی ئەرێنی لەنێو بازاڕدا دروستکردووە."
وۆنگ دەڵێت، ئەو گەشبینییانە بە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ کردووە، بەڵام بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا نیگەرانی دروستکردووە لەسەر ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە گوشاری لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە.
لەدوای جەنگی ئێرانەوە، تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ بەڕێژەی 14٪ بەهای خۆی لەدەستداوە. هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسانە.