120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 120 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
دەشڵێت: "بڕەکەی 120 ملیار دینارە و بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
چاوەڕوان دەکرێت، لەدوای ئەم هەنگاوە، بەغدا پارەی مووچەی مانگی 8ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
رۆژی 7-10- 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرە کوردەکان رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 نیشاندا.
سوودانی دوێنێ دووشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای عەرەبی باسی رێککەوتنی نەوتی کرد کە لەنێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکانی نەوت واژۆکراوە و رایگەیاند: "دۆسیەی نەوتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلاییکردووەتەوە، لە ساڵی 2009ـەوە بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە، ئێستا گفتوگۆ لەسەر داهاتی نانەوتی دەکەین، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە نابێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 7 مووچەیان وەگرتووە و مووچەی مانگی 8، 9 و 10 یان وەرنەگرتووە.