سندووقی نێودەوڵەتی دراو بە دوو مەرج قەرز بە عێراق دەدات

رووداو - هەولێر

حكومه‌تی عێراق بۆ دابینكردن و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، پشتی به‌ یارمه‌تییه‌كانی سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو به‌ستووه‌ و سندووقی نێوده‌وڵه‌تی دراو بۆئەوەی قەرز بداتە عێراق، دوو مه‌رجی داناوه‌ کە هه‌ردووکیان پەیوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. 

سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە ساڵی 2007 قەرزێکی پێنج ملیار دۆلاری بە عێراق دابوو، ماوەی پێدانەوەی قەرزەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2014 بوو.

لە 2015ـەشدا قەرزێکی دیکەی بە بڕی پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق دا، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواوی ئەو قەرزە بۆ سندووقی نێودەوڵەتی دراو بگەڕێنێتەوە، بۆئەوەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا قەرزێکی دیکەیان پێبدات.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێستا قەرزەکانی سەر عێراق دەگاتە نزیکەی 117 ملیار دۆلار، کە بەسەر قەرزی ناوخۆ و دەرەکی و قەرەبووەکان دابەش دەبن، 55 ملیار دۆلار بۆ ئەو قەرز و قەرەبووانەیە کە لە سەردەمی حکومەتی بەعس کراون، بەشێکی قەرەبووەکانی شەڕەکانی سەدام بووە بەتایبەتی لەگەڵ کوەیت، 30 ملیار دۆلاریش قەرزی ناوخۆن و نزیکەی 27 ملیار دۆلاریش قەرزی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی نێودەوڵەتی و ژاپۆن و چەندین وڵاتی دیکەن". 
 
بەڵام ئەوەی دەستی حکومەتی عێراقی بەستووە ئەوەیە؛ پێدانی قەرز لەلایەن رێکخراو و وڵاتانی جیهانەوە ئەوەندە ئاسان نییە و، پەیوەستە بە کۆمەڵێک مەرج، سندووقی نێودەوڵەتی دراو، ئێستا سەرپەرشتی ریفۆرمی ئابووری عێراق دەکات، ئەگەر عێراق پابەندی مەرجەکانی نەبێت، ئەوا لە وەرگرتنی قەرز بێبەش دەبێت، لەکاتێکدا عێراق بۆ دابینکردنی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، بە رێژەیەکی زۆر پشتی بەو قەرزانەوە بەستووە.

پێشتر عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو مه‌رجی بۆ حكومه‌تی عێراق داناوه‌؛ دەبێ پشکی 17%ـی قەرزەکان بە هەرێمی کوردستان بدات.
 
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرای عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو قەرزانەی عێراق وەریدەگرێت، لە 90%ـی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخاندەکرێت و ئەوەی جێگەی رەخنەیە بۆ سندووقی نێودەوڵەتی دراو  ئەوەیە؛ یەک دیناریش لەو بڕە پارانەی بە قەرز وەردەگیرێن، بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان ناکرێن.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار