ژمارەی هاوبەشەکانی نێتفلێکس 230 ملیۆنی تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نێتفلێکس لە ساڵی 2022 دا توانی زیاد لە ئامانجی خۆی کە 4.6 ملیۆن هاوبەش بووە، ژمارەی هاوبەشەکانی زۆر زیاتر بکات.
بەپێی راپۆرتی چارەکی چوارەمی نێتفلێکس، ژمارەی هاوبەشانی لەو ماوەیەدا 7.7 ملیۆن هاوبەش زیادیکردووە کە زیاتر بوو لە ژمارەی پێشبینیکراو کە 4.6 ملیۆن هاوبەش بوو. بەوپێیەش ژمارەی هاوبەشەکانی نێتفلێکس بەرزبووەتەوە بۆ 230 ملیۆن و 750 هەزار هاوبەش.
کۆمپانیای نێتفلێکس کە تایبەتە بە پەخشی فیلم و دراما و بەڵگەفیلم، داهاتەکانی لە چارەکی چوارەمدا 7.82 ملیار دۆلار بووە کە بە رێژەی 2٪ زیاتر بووە لە داهاتەکانی چارەکی چوارەمی ساڵی 2021، لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی داهاتەکانی کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.
هەرچەندە داهاتی پلاتفۆرمی نێتفلێکس زیادیکردووە، بەڵام داهاتی پوختە یان قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەم کەمیکردووە.
نێتفلێکس لە 2022 دا تێکڕا نزیکەی پێنج ملیار قەرزی داوەتەوە. ئەو قەرزەی کە لە رێگەی خستنەڕووی قەواڵەکان پێشتر خستبوویەڕوو.