وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ رووداو: لەبارەی بەهای دینار سەردانی واشنتن دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیدان و "بەمنزیکانە سەردانی واشنتن دەکەین." 
 
رۆژی یەکشەممە 22-01-2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق گرنگی بە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دەدات." گوتیشی، "رۆژانە لە کۆبوونەوەداین لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و لیژنەی ئابووری بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە کە پەیوەندی بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە." 
 
فوئاد حوسێن گوتیشی: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، بەمنزیکانە سەردانی واشنتن دەکەین." 
 
لەبارەی بودجەی گشتیی عێراقیش، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەکرد، "خوێندنەوەمان بۆ کردووە و بەمنزیکانە بودجە دەنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق." 

 

رۆژی 20-01-2023، فوئاد حوسێن لە داڤۆس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی کارنامەیان لە گەشتەکەیان بۆ واشنتن  رایگەیاندبوو، کارنامە ئەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی لە بواری سیاسی و ئابووری کۆدەبینەوە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، مەسەلەی نەوت و گاز، دراو و پەیوەندی بانکی ناوەندی و فیدراڵی دەکرێت.
 
لەبارەی بەهای دیناریشەوە ئاماژەی بەوەکردبوو، "پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە. بەڵام یەکێک لەوانە پەیوەندی هەیە بەو رێکارەی کە وەرگیرا لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا، کە ئەوان داوایانکرد سەکۆیەک هەبێت. سەکۆیەکە مەسەلەیەکی ئەلیکترۆنییە بۆ ئەوەی بزانن ئەو دۆلارەی دەچێتە بانکی ناوەندییەوە چەندە و بۆ کوێ دەچێت. ئەمە وایکرد یەکەم دۆلار کەمتر بخرێتە بازاڕەوە و ئاساییە کە گرانتر بێت. وەکو رێکارێکی دارایی، سیاسی و یاساییە." 
 
رۆژی شەممە 21-1-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "پێشبینیی دەکەین بەهای دۆلاری ئەمریکی لەم 10 رۆژە هەر بەمشێوەی ئێستا جێگیر بێت و دەوروبەری 165 و 164 بێت و دوای 10ـی شوبات (دوای جێبەجێکردنی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق) بەهای دۆلار دادەبەزێت و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە."
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
 
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.