رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی 11 هەفتەی رابردوو.
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هاوبەشە بازرگانییەکانی، پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 2,748 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 2,762 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دانانی بەربەست لەبەردەم کاری بازرگانی لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە نادڵنیایی دروستکردووە کە بە قازانجی زێڕ گەڕاوەتەوە".
دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پێناسی گومرکی بەسەر ئەورووپادا دەسەپێنێت و لە 1ی مانگی داهاتووشەوە بەڕێژەی 10٪ پێناسی گومرکی لەسەر کاڵای چینی دادەنێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، دانانی بەربەست دەبێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ئەوەش بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە ناچار دەکات، سوودی بانکی لە ئاستە بەرزەکانی ئێستا بۆ ماوەیەکی درێژتر جێگیربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ