رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بە زۆری بە جێگیری مایەوە و بەڕێژەیەکی کەم دابەزی. بازرگانان چاوەڕێی کاریگەرییەکانی سیاسەتی نوێی وزەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 79 دۆلار و 26 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 19 سەنت دابەزی و بە 75 دۆلار و 74 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە دۆخی لەناکاوی وزەی راگەیاند و کۆمەڵێک مەرجی ژینگەیی ئاسان کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا.
شارەزایانی بانکی (مۆرگن ستانلی)، یەکێک لە بانکە گەورەکانی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایانگەیاند، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت خواست بۆ سووتەمەنی بەڕێژەیەکی کەم دابەزێنێت، بەڵام نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنانێکی گەورە لە نەوت و گاز دەستپێبکات لەبەرئەوەی کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا پێشتر گەیشتووەتە بەرزترین توانای خۆی.
مۆرگەن ستانلی هەروەها دەڵێت، یەکێکی دەیکە لە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیجیی نەوتی ئەمریکایە کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی هەر زیادبوونەوەیەک لە نەوتی ئەمریکا تەرخان بکرێت بۆ ئەو کۆگا ستراتیجییە.
هەڕەشەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر سەپاندنی پێناسی گومرکی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت جموجۆڵی بازرگانی کەمبکاتەوە و خواست لەسەر نەوت لاواز بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ