رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە پڕۆژەیەکی زەبەلاحی بە ناوی (ستارگەیت) راگەیاند کە لەو رێگەیەوە وەبەرهێنانی 500 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی ژیریی دەستکرد دەکرێت.
سێ گەورە کۆمپانیای (سۆفت بانک)ـی ژاپۆنی، (ئۆراکل) و (ئۆپێن ئەی ئای) جێبەجێی دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پڕۆژەکە رایگەیاند، "وەبەرهێنانی لانیکەم 500 ملیار دۆلار بە واتای گەڕانەوەی متمانەیە بە تواناکانی ئەمریکا".
وەک قۆناخی سەرەتایی، سێ کۆمپانیای ناوبراو 100 ملیار دۆلار لە ژێرخانی ژیریی دەستکرد وەبەرهێنان دەکەن و لە ماوەی چوار ساڵدا قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان بەرزدەکەنەوە بۆ 500 ملیار دۆلار.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا لەبارەی پڕۆژەی (ستارگەیت) دەڵێت، "پڕۆژەکە ژێرخانی فیزیکی و ڤێرچواڵ بۆ پێشکەوتنەکانی داهاتووی ژیریی دەستکرد بنیات دەنێت لە نێوانیاندا ئەو ناوەندە زەبەلاحانەی داتا کە پێویستن".
کۆمپانیای ئۆپێن ئەی ئای کە بە پلاتفۆرمی چات جی پی تی ناسراوە و هاوبەشە لە پڕۆژەکەدا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "پڕۆژەکە نە تەنیا ئەمریکا دووبارە بە پیشەسازی دەکاتەوە، بەڵکو هاوکات رۆڵێکی گرنگیشی دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی".
ئۆپێن ئەی ئای هەروەها دەڵێت، سندووقی وەبەرهێنانی تەکنۆلۆجیای ئەمریکا چوارەمین هاوبەشی پڕۆژەکەیە و هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی ( ئارم)، مایکرۆسۆفت، ئێن ڤیدیا لەڕووی تەکنۆلۆجیاوە بەشدارن لە پڕۆژەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ