نرخی زێڕ دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەهۆی پڕۆسەی کۆکردنەوەی قازانج کەمێک لە بەرزترین ئاستەکانی دوورکەوتەوە و رۆژی هەینی بە دابەزین داخرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بەڕێژەی 0.1٪ دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 2935 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی پێنجشەممە نرخی کانزا زەردەکە بەڕێژەی 1.9٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ئاستی 2954 دۆلار، کە ئاستێکی نوێی مێژووییە لە بازاڕی زێردا.
یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 0.1٪ لە رۆژی هەینی دابەزی و بە 2953 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ئابووریی جیهان دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێناسی گومرگیی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی سەپاند، نرخی زێڕی بەتەنیا لەم ساڵدا بەڕێژەی 11.5٪ بەرزکردووەتەوە.
شارەزایانی کۆمێرزبانکی ئەڵمانی لەبارەی نرخی زێڕەوە لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاند، "خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن وەبەرهێنەرە رۆژئاواییەکان و بانکە ناوەندییەکان زیادیکردووە."
لە نوێترین بڕیاریدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی سەپاند بەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی دار و ئەو بەرهەمانەی کە بە دار دروستدەکرێن.
هاوکات هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدابوو، پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمی چیپی ئەلیکترۆنی، دەرمان و ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بۆ ئەو وڵاتە بسەپێنێت.
ئەلێکس ئێبکارییان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای راوێژکاریی ئالیجێنس گۆڵد لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانجەوە روویداوە و بنەمای بازاڕی زێڕ بەهێزە و پێشبینیی زیاتر بەرزبوونەوەی لێدەکرێت."