ترەمپ پێناسی گومرگی سەر وڵاتانی جیهانی بۆ 15٪ بەرزکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی ئەمریکا بڕیارەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان رەتکردەوە، رۆژی شەممە سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی (ترووس سۆشیاڵ)، بڕیاری دا پێناسی گومرگی سەر وڵاتان بۆ 15٪ بەرزبکاتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە دوای بڕیاری دادگای باڵا دەستبەجێ پێناسی گومرگی بەڕێژەی 10٪ بەسەر وڵاتاندا راگەیاندبوو، بەڵام دوێنێ ئەو رێژەیە لە 10٪ وە بەرزکردەوە بۆ 15٪.
 
دادگای باڵای ئەمریکا رۆژی هەینی بڕیاری دا، "یاسای دەسەڵاتە ئابوورییە نائاساییە نێودەوڵەتییەکان کە بە (IEEPA) ناسراوە، ناتوانێت وەک بنەمایەک بۆ زیادکردنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بەکاربهێندرێ.
 
ئێستا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە دوای ئەوەوەن لەڕێگەی یاسای دیکەوە هەوڵی زیادکردنی پێناسە گومرگییەکان بدەن.
 
یاسای ژمارە 122 رێگە بە دانانی پێناسی گومرگی تاوەکو 15٪ دەدات، بەڵام ماوەی سەپاندنی پێناسی گومرگییەکە نابێت لە 150 رۆژ زیار بێت و درێژیش ناکرێتەوە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس.
 
پێشتر هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا ئەو یاسایە بەکارنەبردووە بۆ زیادکردنی پێناسە گومرگییەکان.