هێوربوونەوەی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل نرخی نەوتی دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لەبەر کەمبوونەوەی ئاستی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ئاڵۆزیی و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دابەزی.
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 22-4-2024)، 54 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 12 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 83 دۆلار و 2 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانییەکان لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان دووبارە بووەتە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا و کاڵبوونەوەی ئەگەرەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ماوەیەکی کورتخایەن، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە."
 
ئۆستان کۆڵبی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی شیکاگۆ، دوایین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە پێیوایە؛ جارێ کاتی دابەزاندی سوودی بانکی نییە. مانەوەی سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای کاڵاکان.
 
لەلایەکی دیکەوە کارگێڕیی وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد؛ ئەم هەفتەیە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 2.7 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە کە زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان.