ژووری بازرگانیی ئامەد زمانی کوردیی بۆ لۆگۆکەی زیاد کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی زمانی کوردیی بۆ لۆگۆی ژوورەکە زیاد کرد.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەنگاوەکەیان یاساییە و هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم زیادکردنی زمانی کوردی لەسەر لۆگۆکەیان نییە.
 
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە لە ئەزەلەوە لەنێو خۆماندا زمانی کوردی بەکاردەهێنین. لەم بابەتەدا هیچ کێشە و ئاستەنگێک نەبووە و نییە. بەڵام بابەتی زیادکردنی نووسینی کوردی بۆ لۆگۆی ژوورەکەمان، پێویستی بە رێکار بوو، ئەویش دەبوو لەلایەن ئەنجوومەنەکەمانەوە پشتڕاستبکرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێ. نووسراوەکانمان ئامادەکردن و دواتریش لە ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بڕیارمان لەسەر دا."
 
بیرۆکەی زیادکردنی زمانی کوردی بۆ لۆگۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد
 
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد ساڵی 1883 بەناوی (ئەنجوومەنی بازرگانیی دیاربەکر) دامەزراوە. 
 
یەکێک لە کۆنترین دامەزراوە پیشەییەکانی ئامەدە و بە گشتی 26 هەزار ئەندامی هەیە. 
 
هەروەها ئەنجوومەنی کارگێڕییەکەی لە 43 ئەندام پێکهاتووە.
 
زیادکردنی زمانی کوردی وەک پێشهاتێکی گرنگ لە کوردستان پێشوازی لێ دەکرێت و بووەتە رۆژەڤ.
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد هەروەها رایگەیاند، پێشتر پلانی گۆڕینی لۆگۆ و زیادکردنی زمانی کوردییان هەبوو و ماوەیەکی زۆریش هەوڵەکانیان بەردەوام بوون. 
 
لەبارەی وردەکاریی هەنگاوەکانیش بە رووداوی گوت، "هیچ ئاستەنگێک لە بەردەممان دروست نەکرا و کارەکان بەگوێرەی یاسا کراون. ئێمە ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیمان هەیە کە بە تەواوی لە بازرگانان پێکدێت. ئەو ئەنجوومەنە بە کۆی دەنگ بڕیاری نووسینی کوردی لەسەر لۆگۆکەمان دا. سەرەتا پلانمان وابوو شێوازی لۆگۆکەش بگۆڕین، بەڵام دواتر لەمە پاشگەزبووینەوە و تەنیا زمانی کوردیمان لەسەر لۆگۆکە زیادکرد و پێشکێشی ئەنجوومەنی ژوورەکەمان کرد. ئێمە 43 ئەندامی ئەنجوومەنمان هەیە کە هەموویان دەنگی (بەڵێ)یان بە بڕیارەکە دا. لەمەودوا ئەو لۆگۆیە لە هەموو شوێنێک بەکاردەهێنین."
 
زمانی کوردی بۆ تابلۆکانیش زیاد دەکرێ
 
لە رۆژانی داهاتوودا ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد زمانی کوردی بۆ تابلۆی سەر بیناکەشی زیاد دەکات.
 
محەمەد کایا دەڵێ، وەک چۆن لە خزمەتگوزارییەکاندا زمانی دایک بەکاردەهێنن، ئەوە لە لۆگۆکەشدا بەکاریان هێنا. هەروەها زمانی دایک (کوردی) لەگەڵ زمانی تورکیدا بەکاردەهێنن. زمانی کوردی بۆ سەرجەم تابلۆ و لۆگۆکان زیاد دەکرێت.
 
محەممەد کایا: تابلێت بە هەموو ئەو قوتابیانە دەدەین کە وانەی کوردی هەڵدەبژێرن
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد رایگەیاند، ساڵانە ژوورەکەیان تابلێت بەسەر هەموو ئەو قوتابیانەدا دابەش دەکات کە وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەڵدەبژێرن.
 
کایا هەروەها گوتی، "ماوەی چوار ساڵە ئێمە تابلێت بە هەموو ئەو قوتابیانەی سنوورەکەمان دەدەین کە وانەی بژاردەی زمانی کوردی هەڵدەبژێرن."
 
کایا گوتی، "بەهۆی ئەوەی ئیمە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەدین، دەتوانین ئەم چالاکییە لە سنوورەکەی خۆمان بکەین."
 
هەروەها گوتی، "دەزگای میزۆپۆتامیا هەیە کە کار لەسەر زمانی کوردی دەکات. ئێمە لەگەڵ ئەوان کار لەسەر فەرهەنگیکی ئابووریی زمانی کوردی دەکەین. وا خەریکین فەرهەنگێکی بەرفراوانی ئابووریی تایبەت بە زمانی کوردی ئامادە دەکەین. کار لەسەر دەستەواژە کوردییەکان دەکەین."
 
هاوئاهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی باشوور و رۆژئاوا کراوە
 
محەممەد کایا رایگەیاند، دەزگای میزۆپۆتامیا ماوەی دوو مانگە دەستی بە پرۆژەکە کردووە و بەگوێرەی پلانەکانیان لە ماوەی ساڵێکدا فەرهەنگی ئابووریی زمانی کوردی ئامادە دەکەن.
 
محەممەد کایا گوتی، "ئێمە بە هاوئاهەنگی میزۆتۆپامیا ئەو کارە دەکەین و ئەکادیمییەکان لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە بانگهێشت کراون و کاریان لەگەڵ دەکرێ. تەواوی کۆبوونەوەکان لەگەڵ باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەلایەن ئەو دەزگایەوە بەڕێوەدەبرێن. ئێمەش وەک ژووری بازرگانی تەواوی خەرجییەکە لە ئەستۆ دەگرین. ئەوان بە ناوی ئیمەوە کارەکە دەکەن و گرێبەستێک لە نێوانماندا دەکەن."
 
یاسای تورکیا لە بەردەم ئەم هەنگاوانە ئاستەنگ نییە
 
لەبارەی ئەو هەنگاوانەی پێشتر بەرامبەر زمانی کوردی، بەتایبەتی لە ئامەد دەنران، محەممەد کایا گوتی، "هەندێک جار هەنگاوی وەها نایاسایی دەنرێن کە سیاسین و هیچ پەیوەندییەکان بە یاساکانی تورکیاوە نییە. بەڵام کاتێک ئەو بابەتانە دەگوازینەوە دادگە، دەبینین کە هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم بەکارهێنانی زمانی کوردی نییە. ئینجا ئێمەش ژووری بازرگانی و پیشەسازین و لەمەودوا هەردوو زمانی تورکی و کوردی لە سەر لۆگۆکەماندا دەبێت. خزمەتگوزارییەکانیشمان بە هەردوو زمان پێشکێش دەکەین."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ زیادکردنی زمانی کوردی لەسەر لۆگۆکەیان هیچ رێکارێکیان لە حکومەت گرتووەتە بەر، یانیش لە داهاتوودا کێشەیان بۆ دروست دەبێت یان نا؟ محەممەد کایا بە رووداوی گوتی، "ناوەندی بڕیاری ئێمە ئەنجوومەنەکەمانە. زووتریش ئێمە چاودێری و لێکۆڵینەوەی پێویستمان کرد و یاساناسانمان دڵنیایان کردینەوە کە بەگوێرەی یاسای ئێستا تورکیا، هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم زیادکردنی زمانی کوردی لە لۆگۆکەماندا نییە. ئەگەر ئاستەنگیش هەبووایە ئێمە لەڕێی یاساوە رێکارمان دەگرتەبەر و بابەتەکەمان چارەسەر دەکرد."
 
یەکەم وێنە لەگەڵ شاندێکی رووسی گیرا
 
ئایدار گاشیگوڵین، نوێنەری بازرگانیی رووسیا لە تورکیا کە بۆ بەشداریکردن لە 17مین پێشانگەی میزۆپۆتامیا بۆ کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پەلەوەر و شیرەمەنی لە ئامەد بوو، سەردانی ژوورەکەی کرد.
 
 
محەمەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد پێشوازی لەو شاندە کرد و دوای کۆبوونەوەکە لەبەردەم لۆگۆ نوێیەکەدا کە زمانی کوردیی بۆ زیاد کراوە، وێنەیان گرت.