نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ سێشەممە، نرخی زێڕ لە بەرزترین ئاستەکانی یەک مانگی رابردووی خۆیدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی سێشەممە 3402 دۆلاری تێپەڕاند و ئێستا لە نزیکەی 3390 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە رۆژی دووشەممەوە کە بازاڕەکان کرانەوە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 50 دۆلار بەرزبووەتەوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 3405 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کڕینی زێڕ.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری تەکنیکی و لاوازی بەهای دۆلار، نرخی زێڕی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە."
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی سەرەکی جیهان دەپێوێت، ئەمڕۆ سێشەممە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی یەک هەفتەی رابردووی خۆی.
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکاش بە هەمان شێواز دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە یەک هەفتەی رابردوودا.
چەندین سەرچاوە لە یەکێتیی ئەورووپا رایانگەیاندووە، وڵاتە ئەورووپییەکان هیوایان نەماوە لەسەر پێناسە گومرکییەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە رێککەوتن و بەناچاریی روو لە سەپاندنی پێناسی گومرکی پێچەوانە دەکەن.