لە هەرێمی کوردستانەوە 120 ملیار بۆ عێراق نێردرا


رووداو دیجیتاڵ 

وەکو بەشێک لە لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نارد و بڕیارە ئەمڕۆش مووچەی مانگی پێنج خەرج بکرێت.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بڕە پارەیە داهاتی نانەوتییە بۆ مانگی ئایار. 
 
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو. 
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پارەکە بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

بەگوێرەی رێککەوتنی واژۆکراوی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، هەروەها داهاتی نانەوتی بنێرێت بۆ گەنجینەی فیدراڵی کە مانگانە 120 ملیار بێت، ئینجا حکومەتی عێراق مووچە دەنێرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەستی کەوتوون، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ لەمەوبەر لە بەغدا بوون و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.

دوایینجار کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی مووچەی لە بەغدا وەرگرت، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناربوو، کە 13ی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، پاشان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد. لە 14 و 15و 18ی ئایار کە بە خانەنشینی شارستانی دەستی پێکرد و بە هێزەکانی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن کۆتاییهات.