نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 5175 دۆلار بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، بەڕێژەی 1.2٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی 5175 دۆلاری تێپەڕاند.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا ئۆنسەیەکی بە 5185 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ناڕوونییەکانی دوای بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
هەرچەندە هەڵوەشاندنەوەی پێناسە گومرکییەکان دەبێتە هۆکار بۆ گەشەی ئابووریی جیهان، بەڵام بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە دیارە لە سەپاندنی پێناسە گومرکییەکان بەو ئاسانییە پاشەکشە ناکات، ناڕوونی زۆری دروستکردووە.
 
نرخی زێڕ هەروەها پاڵپشتی لە رووداوە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وەرگرتووە.
 
هێشتا بازاڕەکانی چین لەبەر پشووی سەری ساڵ داخراون، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی قەبارەی مامەڵەکان کەم و سنووردار بن.
 
لە رۆژی سێشەممەوە بازاڕەکانی چین دەکرێنەوە.
 
جەیمیسن گرەیەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ کام لەو وڵاتانەی کە رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکا واژۆکردووە، لەدوای بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەو وڵاتە نەیانگوتووە لە رێککەوتنەکان پاشەکشە دەکەن.