نرخی ئۆنسەیەک زیو بۆ زیاتر لە 87 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەک ئۆنسە زیو زیاتر لە 3 دۆلار بەرزبووەوە و 87 دۆلاری تێپەڕاند.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زیو بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئەو کانزا گرانبەهایە دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاریدا پێناسی گومرکی لەسەر وڵاتانی جیهان بەڕێژەی 15٪ بەرزبکاتەوە.
دادگەی باڵای ئەمریکا پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری نوێی دەکرد و کۆڵ نادات لە دانانی بەربەست لەبەردەم هاوردەکردنی کاڵا و شتومەک بۆ نێوخۆی ئەو وڵاتە.
لەدوای بڕیاری دادگەی باڵا، بەرپرسی کاروباری بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بە دوای ئەوەیە کە پەسندکردنی کۆتایی رێککەوتنی بازرگانیی نێوان یەکێتییەکە و ئەمریکا هەڵپەسێرێت. هەروەها هیندستان رێککەوتنە بازرگانییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دواخستووە.
کۆی ئەو ناڕوونییانەی کە سەبارەت بە کاروباری بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا دروستبووە، زیانی لە نرخی دۆلار داوە و خواستی بۆ کانزاکان لە نێویاندا زیو وەک پەناگەیەکی ئارام بەرزکردووەتەوە.