نرخی نەوتی تێکساس بەرزبووەوە؛ هۆکارەکەی چییە؟
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی (WTI) بەرزبووەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی 48 کاژێریی دایە ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، ئەگەرنا رووبەڕووی وێرانکردنی ژێرخانی وزە دەبێتەوە. هاوکات ئیسرائیل هۆشداری دا، جەنگەکە چەندین هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت.
بەپێی داتاکانی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی تێکساس 0.44٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 98.66 دۆلار، هەرچەندە پێشتر بۆ ماوەیەک بەربەستی 100 دۆلاریشی تێپەڕاندبوو. نرخی نەوتی برێنتیش لە دەوروبەری 112.17 دۆلار جێگیر مایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 27ـی شوبات، نرخی نەوتی تێکساس تەنیا 67.02 دۆلار بوو.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی پشکەکانی ئاسیا تووشی داڕمانێکی گەورە بوون:
کۆریای باشوور: پێوەری (کۆسپی) 4.69٪ دابەزی.
ژاپۆن: پێوەری (نیکی) 3.54٪ پاشەکشەی کرد.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی نوێدا لە ترووس سۆشیاڵ هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو کاژێر 02:44ـی شەوی سێشەممە (بەکاتی هەولێر) تەنگەی هورمز بە تەواوەتی بەڕووی کەشتییەکاندا نەکرێتەوە، ئەوا هێزەکانی ئەمریکا وێستگەکانی کارەبای ئێران "تەخت دەکەن" و لە گەورەترین وێستگەیانەوە دەستپێدەکەن.
تەنگەی هورمز رێڕۆی 20٪ـی نەوت و گازی جیهانە، بەهۆی جەنگ و هەڕەشەکانی ئێرانەوە بە تەواوەتی پەکیکەوتووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییە.
ئاژانسی (فارس) بڵاویکردەوە، سوپای ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکادا رایگەیاندووە، هەموو وێستگەکانی وزە و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنی وشکانیی دژی حیزبوڵا لە لوبنان فراوانتر دەکەن. زەمیر گوتی: "ئێمە ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ پێشخستنی هێرشە وشکانییەکان بەپێی پلانێکی رێکخراو و جەنگەکەش کاتێکی زۆر دەخایێنێت."