نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4350 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 3٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4350 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ بۆ ماوەی 9 رۆژی بەردەوامە رووی لە دابەزینە و ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە دوای رۆژی 2 ـی مانگی یەکی ئەم ساڵەوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواردا بە رێژەی 4.4٪ دابەزی بۆ 4375 دۆلار.
تیم واتێرێر شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "جەنگی ئێران پێی ناوەتە چوارەم هەفتەی خۆی و نرخی نەوتیش لە سەرووی 110 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوندیی ئەمریکاوە نەهێشتووە. ئەمەش زیانی زیاتری لە نرخی کانزای زەرد داوە."
ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتە، وەک تۆڵەکردنەوە، ژێرخانی وزەی کەنداو دەکاتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە شەڕی ئێران بووەتە هۆکاری دابەزینی بەهای بۆرسەکانی ئاسیا و وەبەرهێنان و بازرگانان بۆ خۆپاراستن لە شۆکی بازاڕی پشکەکان روویان لە فرۆشتنی زێڕەکەیان کردووە.