ئێران ئۆتۆمبێل بۆ گەرمای عێراق دروست دەکات

رووداو- هەولێر
کۆمپانیای ئێران خودرۆ بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل رایگەیاند ''هەموو ئامادەکارییەک تەواو بووە، بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئەسکەندەریەی پیشەسازی لە پارێزگای بابل، یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ئۆتۆمبێلانە بۆ گەرمای عێراق دروستکراوە''.

قوسەی جومعە عەبادی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمای عێراق هەواڵەکەی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و گوتی ''ئێمە لە پەرلەمانی عێراق وەکو لایەنێکی چاودێری ئاگاداری دامەزراندنی کۆمپانیای کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئێرانین لە ناوچەی ئەسکەندەرییە لە پارێزگای بابل، هەروەها عێراق لە رێگەی کۆمپانیا ئێرانییەکانی تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 44 هەزار ئۆتۆمبێلیان هاوردە کردووە''.

عەبدولعەزیم سەعدیان، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێران خودرۆ بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بووە بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی ئەسکەندەریە و توانای دروستکردنی 30 هەزار ئۆتۆمبێلی دەبێت لە ساڵێکدا، کە تایبەتمەندییەکی سەرەکی ئەوەیە بەرگەی گەرمای عێراق دەگرێت، هەروەها لە جۆری سەمند و رانان'.

عەبدولعەزیم سەعدیان، باس لە تایبەتمەندی و مێژووی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئێرانی دەکات بۆ عێراق و دەڵێت ''نزیکەی دە ساڵە ئێمە ئۆتۆمبێل بۆ عێراق هەناردە دەکەین، دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق چەندین گرێبەستمان مۆر کردووە و تا ئێستاش هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بەردەوامی هەیە، ئۆتۆمبێلەکانی سەمند و رانا بەرگەی50 پلەی گەرمی و 30 پلەش لە ژێر سفرەوە دەگرێت ''.

ئۆتۆمبیلەکانی سایبەی ئێرانی کە چەند ساڵێکە هاوردەی عێراق کراوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، لەوانە لاوازی تەکنەلۆژیاکەی و کەمی تووندو تۆڵی، بەڵام لە بەر ئەوەی لە بەکارهێنانی بەنزین زۆر کەم خەرج ده‌كات بۆیە هێشتا داواکاری لە سەری هەیە.