زیادبوونی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا نرخی نەوت دادەبەزێنێت
رووداو - هەولێر
بەهۆی زیادبوونی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا، نرخی نەوتی برێنت و تێکساس زیاتر دابەزی.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 1.8% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 70.83 دۆلار فرۆشرا. نەوتی خاوی تێکساسیش بۆ 61.42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی زانیاری ئەمریکا، نەوتی کۆگاکراوی وڵاتە بە نزیکەی 4.7 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا شرۆڤەکاران پێشبینیان دەکرد بە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل دابەزین تۆماربکات.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی داتاکان تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا بۆ 11.147 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دابەزیوە، بەراورد بە 11.23 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە مانگی رابردوودا
لە میانی گوشارەکانی جەنگی بازرگانی و بەردەوامی سەپاندنی باجی گومرگی لە لایەن ئەمریکا و چین کە ماوەیەکی درێژە بەردەوامە گوشاری کردووەتە سەر نرخی نەوت.
مۆرگان ستانلی: نرخی نەوت دەگاتە 80 دۆلار
هەر لەبارەی نرخی نەوت، بانکی مۆرگان ستانلی ئەمریکی پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2019 بگاتە 75 تاوەکو 80 دۆلار، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕدا.
بانکی مۆرگان ستانلی ئاماژە بەوە دەکات، بازاڕی نەوت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەدەست کورتهێنانەوە دەناڵێنێت، کە بڕەکەی رۆژانە 0.6 ملیۆن بەرمیلە و پێشبینی دەکرێ لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ کەمبوونی نەوت لە بازاڕ بگاتە رۆژانە 1.1 ملیۆن بەرمیل.
بەپێی پێشبینی مۆرگان ستانلی، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران و ڤەنزوێلا و زۆربوونی مەترسی کەمبوونی بەرهەمهێنان لە لیبیا و ناچارکردنی وڵاتانی سەرەکی لە رێکخراوی ئۆپێک بە زیاتر لەوەی لە رێککەوتنی کەمکردنی بەرهەمهێنان هاتووە هاوسەنگی بەدیهێناوە.