نرخی نەوت بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 96 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 103.54 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 96.60 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت لە ئاستی هەفتانەدا دابەزینیان بەخۆوە بینیوە. نرخی نەوتی برێنت لە هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 5٪ دابەزی، ئەوە لە کاتێکدایە دابەزینی نرخی نەوتی سووکی تەکساس زیاتر بوو. لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی نەوتی سووکی تەکساس 8٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
بازاڕەکانی جیهان ئاماژەکانی ئەمریکا و ئیرانیان بە ئەرێنی وەرگرتووە لەسەر ئەوەی ئەو دوو وڵاتە داوجار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ رێکبکەون، سەرەڕای ئەوەی هێشتا ناکۆکی لەنێوانیان ماوە بەتایبەتی لەبارەی یۆرانیۆمەکەی ئێران کە ئەمریکا داوای دەکات بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "نیشانەی باش" هەن کە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئارادایە، بەڵام هۆشداریی دا کە هەر رێککەوتنێکی لەو شێوەیە "لەباردەچێت" ئەگەر ئێران رێوشوێن بگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.
شارەزایانی سەر بە بانکی ING لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران لە رۆژی هەینی رایانگەیاند، "بازاڕەکان هێشتا بەدوای ئاماژەکان دەگەڕێن لەسەر رێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام نادڵنیایی باڵادەستە."
ئەو شارەزایانە هەروەها دەڵێن، "ئەمە یەکەمجار نییە دوو لایەن لە رێککەوتن نزیک دەبنەوە، بەڵام پاشان گوتووێژەکان تێکدەچن و هیچ ئەنجامێکیان نابێت."
نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوت بەردەوامن، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداری دەدات، لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر گەشتکردن لە وەرزی هاویندا، بازاڕی نەوت لەوانەیە بەم زووانە بچێتە "ناوچەی سوور"ـەوە، چونکە کۆگاکانی جیهان بەرەو نەمان دەچن.
فاتیح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت،" گرنگترین چارەسەر بۆ ئەو شۆکی وزە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە، کردنەوەی تەواو و بێ مەرجی تەنگەی هورمزە."