زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا خواست لەسەر ئۆپێک کەمدەکاتەوە
رووداو - هەولێر
رێکخراوی ئۆپێک پێشبینیدەکات زیادخستنەڕووی نەوتی ئەمریکا، خواست لەسەر نەوتی رێکخراوەکە کەمبکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 23/9/2018 رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) پێشبینییەکانی بەرزکردەوە، کە بەهۆی زیادخستنەڕووی نەوتی ئەمریکا لە پێنج ساڵی داهاتوودا خواست لەسەر نەوتی رێکخراوەکەی کەمدەبێتەوە. هاوکات پێشبینیدەکات سەرەڕای گەشەی ئابووری جیهانی بەڵام خواست لەسەر نەوتی رێکخراوەکە کەمبێتەوە.
ئۆپێک لە راپۆرتێکدا لەبارەی دیدگای نەوتی جیهانی رایگەیاند "بەهۆی زۆر خستنەڕووی نەوتی وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک لە ساڵانی 2017 بۆ 2023، خواست لەسەر نەوتی خاوی ئۆپێک کەمدەبێتەوە".
لەو چەند ساڵەی دواییدا ئەمریکا بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بەو شۆڕشەی لە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی کرد بە بەکارهێنانی چەندین تەکەلۆجیای نوی کە لە رابردوودا بۆچوون وابووە دەرهێنانی ئەو جۆرە نەوتە تێچووییەکی ئابووری زۆری دەوێت.
هاوکات سزاکانی ئەمریکا بۆسەر هەردوو ئەندامی ئۆپێک (ئێران و ڤەنزوێلا) پاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی بەراورد بە ساڵی 2014، بە جۆرێک نرخی هەر بەرمیلێک بۆ نزیکەی 80 دۆلار بەرزبووەوە، و ئەوەش وای لە بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا کرد رێژەی بەرهەمهێنان زیادبکەن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نرخی بەنزینیش بەرزدەبێتەوە. ئەوەش کێشە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستدەکات، هەربۆیە رۆژی پێنجشەممە 20/9/2018 سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا داوای لە رێکخراوی ئۆپێک کرد کە کورتهێنانی نەوتی جیهان پڕبکاتەوە.
ئۆپێک راشیگەیاند، چاویخشاندووەتەوە بە هەڵسەنگاندەکانی لەبارەی گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک تاوەکو ساڵی 2023 و، پێشبینیدەکات ئێستا گەشەی بەرهەمهێنانی نەوت چوار ملیۆن بەرمیل رۆژانە زیاترە بەراورد بە هەڵسەنگاندنەکانی ساڵی رابردووی.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمهێنەرە سەربەخۆکان لە ساڵی 2023 رۆژانە 66.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەمدەهێنن، لەکاتێکدا لە ساڵی 2017 رۆژانە 57.5 ملیۆن بەرمیلیان بەرهەمهێناوە.
هەروەها ئەمریکاش بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2023 بۆ 13.4 ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە بەرزدەکاتەوە. لەکاتێکدا لە ساڵی 2017 رۆژانە 7.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەش، پێشبینیدەکرێت خواست لەسەر نەوتی ئۆپێک لەساڵی 2023 بۆ 31.6 ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەمببێتەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەر نەوتی ئۆپێک لە ساڵی 2017 رۆژانە 32.6 ملیۆن بەرمیل بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوەکە لە راپۆرتەکانی ساڵی 2017 پێشبینیکردبوو، خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ 33 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزدەبێتەوە.
پێشبینیدەکرێت سەرەڕای خواستی جیهانی بۆ نەوتی خاو، خواست لەسەر نەوتی ئۆپێک لە داهاتووێکی مامناوەنددا کەمبێتەوە.
هەروەها ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواستی جیهانی بۆ نەوت بەرزکردەوە و پێشبینیدەکات قەبارەی بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2020 بگاتە 101.9 ملیۆن بەرمیل رۆژانە، بە زیادەی 1.2 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەراورد بە راپۆرتی ساڵی رابردووی.
لە دوورمەوداشدا، پێشبینیدەکرێت خواست لەسەر نەوتی خاو بە بڕی 14.5 ملیۆن بەرمیل زیادبکات و بگاتە 111.7 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لە ساڵی 2040، بە زیادەیەکی کەم لە پێشبینییەکانی ساڵی رابردوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئۆپێک، خواست لەسەر نەوتی رێکخراوەکە بە بڕی 7.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بۆ ساڵی 2040 زیاددەکات.
ئێران: هیواخوازین ئۆپێک شوێن فەرمانەکەی ئەمریکا نەکەوێت
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، هیواخوان رێکخراوی ئۆپێک لەبارەی دابەزاندنی نرخی نەوت شوێن فەرمانەکەی سەرۆکی ئەمریکا نەکەوێت، کە لە توویتێکیدا داوای لە ئۆپیک کردبوو نرخی نەوت دەستبەجێ داببەزێنێت.
بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی گوتی "هیواخوازم هەڕەشەکانی (ترەمپ) هیچ یەکێک لە هاوکارەکانمان لە ئۆپێک نەترسێنێت و هانیان نەدات فەرمانەکەی ئەمریکا جێبەجێبکەن. بەبۆچوونی من راگەیێندراوەکەی ترەمپ گەورەترین بێڕێزییە بە وڵاتانی دۆستی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەش".
ئەمڕۆ یەکشەممە لە جەزائیر کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی چاودێریی رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک بەڕێوەچوو.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە مانگی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی نەوتی ئێران دابەزیووە، لەبەرئەوەش ئەندامانی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوە نەیانتوانیووە بڕیارەکەی پێشووی خۆیان لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان جێبەجێبکەن.