نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی لە 2018 دابەزی

رووداو - ئاژانسەکان

نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی لە ساڵی 2018 دابەزی، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 59 دۆلار پاشەکشەی کرد و بەرمیلێک نەوتی تێکساسیش بۆ خوارووی 51 دۆلار دابەزی. 

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت بە گەورەترین دابەزینی مانگانە دادەندرێت کە دوای ساڵی 2014 تۆمارکرابیت. 

هۆکاری ئەو دابەزینەش بۆ زۆری خستنەڕووی نەوت لەلایەن هەریەکە لە ئەمریکا، رووسیا و سعودیە دەگەڕێتەوە کە یەک لەسەر سێی نەوتی جیهان دابیندەکەن و ئێستا رۆژانە بڕەکەی 100 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕانووە. 

هەروەها کەمی خواستیش لەلایەن بەکاربەرانی نەوتەوە بەهۆی پاشەکشەی گەشەی ئابووری جیهانەوە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە. ئەوەش وایکردووە کە خالید فالح، وەزیری وزەی سعودیە داوا لە رێکخراوی OPEC بکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کاربکەن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت.

وەزیری وزەی سعودیە دەڵێت: "بۆ رێگریکردن لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، داوا لە ئۆپیک دەکەین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە".

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن