لە 2025 بەهای دۆلار 10٪ دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان؛ یۆرۆ، یەنی ژاپۆن، پاوەندی بەریتانی، دۆلاری کەنەدی و کرۆنی سوێدی و فرانکی سویسری دابەزیوە. 
 
نرخی دۆلار لە رێگەی پێنوێنی دۆلار یان ئێندێکسی دۆلار دەپێورێت.
 
پێنوێنی دۆلار لە ساڵی 2025 دا 10٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. ساڵی 2025 خراپترین ساڵ بووە بۆ پێنوێنی دۆلار لە دوای ساڵی 2017 وە.
 
سیاسەتە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی سەبارەت بە پێناسە گومرکییەکان گوشاری لەسەر دۆلاری ئەمریکی دروستکردووە.
 
هەروەها هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بانکی ناوەندی و سەرۆکی ئێستای بانکەکە، جیرۆم پاوڵ، ناڕوونی و بێ متمانەیی لەبارەی بەهای دۆلار دروستکردووە و زیاتر لاوازی کردووە.
 
بازرگانیی نێودەوڵەتی بە زۆری بە دۆلاری ئەمریکی دەکرێت. نرخی نەوت و کانزاکان بە دۆلاری ئەمریکی مامەڵەیان پێوەدەکرێت، لەبەر ئەوە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە نرخی دۆلاردا راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی کانزاکان دادەنێت.
 
بەهۆی ئەو رۆڵە گەورەیەی کە دۆلار لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا هەیەتی، دۆلار هاوشێوەی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان دەبینرێت. بەڵام لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا، رۆڵی دۆلار وەک پەناگەیەکی ئارام کاڵ بووەتەوە.
 
پێنوێنی دۆلار ئەمڕۆ سێشەممە بە 97.87 مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەراورد بە رۆژی دووشەممە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن ترەمپەوە راگەیێندرا، گوشاری لەسەر پێنوێنی دۆلار داناوە.