نەوتی برێنت بە 101 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە بەرزبووەوە، دوای ئەوەی ئێران رەتیکردەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی کردبێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 6 سەنت بەرزبووەوە و بە 101 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 58 سەنت بەرزبووەوە و بە 89 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بە رێژەی 10٪ دابەزی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بۆ ماوەی 5 رۆژ هێرشی سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران رادەگرێت بەهۆی دانوستاندنی ئەرێنی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی بۆ راگرتنی شەڕ.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت ئەو بەشەی کە بەهۆی شەڕەوە بەرزبووبووەوە، لەدەستی دا."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "بەرزبوونەوەی ئەمڕۆ بەوهۆیە روویداوە کە هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکا وەستاون، بەڵام تەنگەی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە."
ئێران رەتیکردووەتەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی کردبێت و دەڵێت، لێدوانەکانی ترەمپ بۆ هێوردکردنەوەی دۆخی بازاڕە داراییەکانە.