گوڵی سرووشتی؛ بازاڕێكی تازە پەیدابووی گەرم لە كوردستان

رووداو - هەولێر

لە مانگی نیساندا كە مانگی گرتنی وێنەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانە، بەردەم كۆلێژ و پەیمانگەكان لە پێشانگای گوڵ دەچێ‌، كاسبكاران و خاوەن پێشانگاكانی فرۆشتنی گوڵی سروشتی، سەر شۆستەكان پڕ دەكەن لە گوڵ.

هەندێك لە قوتابیان لە پێشانگاكان گوڵ بۆ وێنەگرتن ئامادە دەكەن، هەندێكیش هەر لەبەردەم كۆلێژەكەیان گوڵەكە دەكڕن، ئەمە جگە لەوەی كەسوكار و هاوڕێی قوتابییەكان گوڵیان بە دیاری بۆ دەبەن، بەهۆی ئەمەشەوە لەو مانگەدا بازاڕی گوڵی سروشتی بە هەڕمێن دەبێ‌. 

پێشانگای گوڵی سروشتیی ئەمستەردام، تەنیا حەوت مانگە لە شاری هەولێر كراوەتەوە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 200 هەزار گوڵی سروشتی فرۆشتووە. بەختیار عومەر كە خاوەنی پێشانگاكەیە، دەڵێت: "بەهۆی كاریگەریی تەكنۆلۆژیا و كرانەوەی خەڵك، گۆڕانكارییەكی زۆر لە بیركردنەوەی خەڵكی كوردستاندا روویداوە. ئێستا خەڵك لەكاتی سەردانی نەخۆش و بۆنەی مارەبڕین و ئاهەنگی هاوسەرگیری، لەدایكبوون، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان و بۆنەی دیكە، گوڵی سروشتی دەبەن".

بەشێك لە بازاڕەكەی بەختیار بەندە بە ئاهەنگەكانی هاوسەرگیری و دەڵێت: "ئێستا بەشێك لە زاواكان جگە لە چەپكەگوڵی سروشتی بۆ بووك و رازاندنەوەی ئۆتۆمبیلەكانیان بە گوڵی سروشتی، بۆ رازاندنەوەی هۆڵی ئاهەنگیش گوڵی سروشتی دەكڕن، هەر هۆڵێك بە نزیكەی 5000 دۆلار دەڕازێنینەوە".

پێشانگاكەی بەختیار سیستەمی گەیاندنی گوڵی سروشتی هەیە، كۆدی تایبەت دەداتە موشتەرییەكانی و دەڵێت: "كۆمەڵێك كڕیارمان هەیە، كۆدی تایبەتیان هەیە، هەفتانە یان مانگانە بەردەوام لەكات و شوێنی جیاواز گوڵی سروشتییان بۆ دەبەین".

زۆربەی فرۆشی پێشانگاكەی بەختیار لە رۆژی ڤالانتاین بووە، هەروەها ئەم مانگەش بازاڕی گەرمە، ئەویش بەهۆی ئاهەنگی وێنەگرتنی قوتابیانی دوا قۆناغی پەیمانگە و زانكۆكان.

سەبارەت بە نرخی گوڵەكانیش، بەختیار دەڵێت: "نرخی چڵێك گوڵی سروشتی بە سێ‌ هەزار دینارە، تاوەكو گوڵەكانیش زۆر و جۆراوجۆر بن نرخەكەی دەگۆڕێت. چەپكە گوڵ هەیە نرخەكەی دەگاتە 250 دۆلار، بەڵام بەشێوەیەگی گشتی نرخی ئەو چەپكە گوڵانەی لەو دوو بۆنەیە فرۆشتوومانە زیاتر لەنێوان 20 تاوەكو 50 هەزار دیناردا بووە".

لە پێشانگاكەی بەختیار جۆرەها گوڵی سروشتی و گەڵای رازاندنەوەی گوڵ هەن، بەڵام هەموویان هاوردەن. بەختیار دەڵێت: "لەكوردستان بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا گوڵ و دەوەنی سروشتی زۆر جوان هەیە، دەكرێت بۆ رازاندنەوەی بۆنە و ئاهەنگەكان سوودی لێ ببینرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای لێكردنەوەی توانای مانەوەیان زۆر كەمە، بۆیە ناتوانین سوودی لێ وەربگرین".

بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر گوڵ و نەمامی سروشتی هەیە، بەدەیان كۆمپانیا و نەمامگەی تایبەت كراونەتەوە و گوڵ و نەمامی سروشتی لە وڵاتانی هۆڵەندا، توركیا، ئێران و كینیا و چەندین وڵاتی دیكەوە دەهێننە هەرێمی كوردستان.

سدقی بەرواری، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیا و پێشانگا و كێڵگەی كوردستان فلاوەر، گوڵی سروشتی هاوردە دەكرد، بەڵام ساڵی رابردوو وەك تاقیكردنەوە 15 هەزار گوڵی دایكانەی لەهۆڵەندا هێنا و لەنزیك گوندی سێنارەی هەولێر لەسەر رووبەری 4000  مەتر دووجا چاندی، ئەمساڵ 120 هەزار گوڵی بە پێشانگاكان فرۆشتووە.

سدقی بەرواری، گوتی "كواڵیتی گوڵەكانمان زۆر باشە و تێستمان كردووە 18 رۆژ دەمێننەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەین كواڵیتییان بەرز بكەینەوە بۆ ئاستی گوڵی ئیكوادۆری كە ئێستا پێش گوڵی هۆڵەندی كەوتووە".

بەرواری، ئێستا ئامادەكاری دەكات بۆ چاندنی 20 دۆنم زەوی بە گوڵی رۆزی هۆڵەندی لە سنووری ناحیەی بەحركەی شاری هەولێر. ئەو دەڵێت: "ئێستا 8 رەنگ گوڵی رۆزمان هەیە، لە هەوڵی هێنانی نەمامی دایكانەی سەرجەم رەنگەكانی دیكەی گوڵی رۆزین، هەوڵی دروستكردنی گوڵێكی چەند رەنگی دەدەین، مەبەستمانە لە داهاتوودا وەك براندێك بەناوی نەورۆز لە بۆرسەی هۆڵەندا بیفرۆشین". 

هاوشێوەی بۆرسەی نەوت، زێڕ، دۆلار و ماددە كانزاییەكانی دیكە، لە هۆڵەندا بۆرسەی فرۆشتنی گوڵ هەیە، زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری گوڵ، بەرهەمەكانیان لەم بۆرسەیە نمایش دەكەن، ماوەی چەند ساڵێكیشە كۆمپانیاكانی كوردستان لەو بۆرسەیە گوڵ و نەمام دەكڕن و هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن.

سدقی بەرواری دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئێستا لەكاتی ئاسایی مانگانە زیاتر لە 120 هەزار گوڵ لە پێشانگا و نەمامگەكانی كوردستان دەفرۆشرێت، لەكاتی بۆنەكانیش ژمارەكە زۆر بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵانە یەك ملیۆن و 500 هەزار گوڵ لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێ‌".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لە ساڵی 2013دا  حەوت ملیۆن و 218 هەزار نەمام و گوڵی سروشتی لەلایەن 18 كۆمپانیا و نەمامگەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام ساڵی رابردوو بەهۆی گرفتی رێگا و وەستانی گەشتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، تەنیا 3 ملیۆن و 573 هەزار نەمام و گوڵ هاوردە كران. 

سدقی بەرواری دەڵێت: "ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ هێنانی گوڵی سروشتی دەچێتە دەرەوە، بۆ نموونە ئێمە ساڵی رابردوو بۆ پێشانگاكەی خۆمان بایی ملیۆنێك و 700 هەزار دۆلار گوڵمان تەنیا لە كینیا هاوردە كرد".

شوانێك دەبێتە گوڵفرۆش

ئاهەنگەكانی وێنەی دەرچوون، لە دوو هەفتەی رابردوودا بووەتە دەستكەوت و داهاتێكی باش بۆ زۆر كەس، بۆ نموونە گۆڤەند خەلیلی تەمەن 20 ساڵ. ئەو كە دانیشتووی هەولێرە و پێشتر شوان بووە، ماوەیەكە وازی لە شوانێتی هێناوە و بووەتە گوڵفرۆش. لە هەر كۆلێژ و پەیمانگەیەك ئاهەنگی دەرچوون هەبێ‌، لەوێ‌ ئامادەیە. گۆڤەند زۆر حەزی لە پیشە تازەكەیەتی و بەنیازە بەردەوام بێ‌. ئەو دەڵێت "لە نەمامگەكان هەشت گوڵ بە 10 هەزار دینار دەكڕین و دوای رازاندنەوەی، هەر گوڵێك بە 2000 دینار دەفرۆشین، رۆژانە نزیكەی 40 هەزار دینارم دەستدەكەوێت".