داخستنی تەنگەی هورمز نرخی ئاژەڵی لە عێراق بەرزکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

داخستنی تەنگەی هورمز کاریگەری لەسەر بازاڕی ئاژەڵ لە عێراق هەبووە و حکومەتیش بۆ رێگریکردن لە کەمبوونەوە و گرانبوونی گۆشت، هاوردەکردنی لە رێگەی ئوردنەوە زیاد کردووە. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵی عێراق دەڵێ، لە پرسی هاوردەکردنی ئاژەڵدا هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە. 
 
وەلید محەممەد زورفی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رگەیاند: "داخستنی تەنگەی هورمز بووەتەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ عێراق، بەڵام هەوڵمان داوە سەرچاوەکانی دیکەی هاوردەکردن بەهێز بکەین. یەکێک لەوانە زیادکردنی هاوردەکردنی ئاژەڵە لە رێگەی ئوردنەوە." 
 
وەلید محەممەد زورفی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاژەڵ لە عێراق گران بووە و لەو بارەیەوە گوتی، گۆڕینی رێگەی هاوردەکردن تێچووی زیاتری دەوێ و رایگەیاند: "بەهۆی تێکچوونی دۆخەکەوە کرێی گواستنەوە زیادی کردووە، هەروەها سووتەمەنیش لەسەر ئاستی جیهان گران بووە، ئەمانە هەمووی وایان کردووە نرخی ئاژەڵ لەنێوخۆدا بەرز ببێتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ، سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاژەڵی بۆ عێراق روونکردەوە و رایگەیاند، مانگا بە پلەی یەکەم لە بەڕازیل و کۆڵۆمبیاوە هاوردە دەکرێ؛ بۆ مەڕ و ماڵاتیش عێراق زیاتر پشت بە رۆمانیا، جۆرجیا، رووسیا و سووریا دەبەستێت.
 
وەلید زورفی باسی ئەوەی کرد کە لە پرسی هاوردەکردنی ئاژەڵدا "هیچ هاوئاهەنگییەکمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ لایەنی ئێرانی پەیوەندییان باشە و لایەنی ئێرانی بە ئیمەیڵ ئاگاداریان دەکاتەوە لەو ئاژەڵانەی بە فەرمی لە وڵاتەکەیەوە دەهێندرێنە نێو هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە ژمارەی سامانی ئاژەڵ لە عێراق، بە گوتەی زورفی، سامانی ئاژەڵ لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بە گشتیی بەم شێوەیە دابەش بووە:
 
- مەڕ: نزیکەی 13,000,000 سەر.
 
- بزن: 1,150,000 سەر.
 
- مانگا: 1,700,000 سەر.
 
- گامێش: نزیکەی 600,000 سەر.