نرخی نەوتی برێنت 62 دۆلاری تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە درێژەی دا بە بەرزبوونەوە بەرچاوەکانی دوو رۆژی رابردووی خۆی.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 58 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پیوەدەکرێت.
 
بەرزبوونەوەی گەشەی ئابووری ئەمریکا و مەترسییە جیوسیاسییەکان لەسەر نەمانی نەوتی ڤەنزۆێلا لە بازاڕەکاندا، بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەستنیشان کراون.
 
نرخی نەوت لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، ئابووری ئەو وڵاتە لە چارەکی  سێیەمی ئەم ساڵدا بەڕێژەی 4.3٪ گەشەی کردووە و هۆکارەکەیشی بەرزبوونەوەی قەبارەی بەکارهێنانە.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری گەشەی ئابووریی ئەمریکا زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان لەگەڵ مەترسییە جیوسیاسییەکان، پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."