بیتکۆین روو لە دابەزینە؛ نرخی دانەیەکی کەمترە لە 89 هەزار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە نرخی یەک بیتکۆین بە 88  هەزار و 900 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئاراستەی دابەزینی گرتووەتەبەر.
 
نرخی بیتکۆین ئەمرۆ 500 دۆلاری دیکەی دابەزیوە و نەیتوانیوە ئاستی هەستیاری 90 هەزار دۆلار بپارێزێت.
 
لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی بیتکۆین بەڕێژەی 7٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
نرخی ئێستای بیتکۆین کەمترە لە تێکڕای 200 رۆژی رابردووی خۆی و لەبەر ئەوەش شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەگەر بیتکۆین نەتوانێت ئاستی 90 هەزار دۆلار بەدەستبهێنێت، دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
 
ئەو شرۆڤەکارانە پێیانوایە ناوچەی 82 هەزار دۆلار بۆ 84 هەزار دۆلار، ناوچەیەکە کە خواست بۆ بیتکۆین بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو ئاستەش بشکێت، ئەوا تەنانەت نرخی بیتکۆین دابەزینی زیاتریش بەخۆیەوە دەبینێت.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی (ئالفراکتاڵ) کە تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییەکان، پێیوایە نرخی بیتکۆین ئەگەری دابەزینی بۆ کەمتر لە 60 هەزار دۆلاریشی هەیە.