ئایا بەڕاستی ئابووریی ئەمریکا باشتر بووە؟


لە گوتاری ساڵانەیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تابلۆیەکی گەشی بۆ ئابووریی وڵاتەکەی کێشا و بە "سەردەمێکی زێڕینی نوێ" ناوی برد. سەرۆکی ئەمریکا بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیان، وەک بەڵگە هێنایەوە و گوتی پێنوێنی داوجۆنز 50 هەزار خاڵ و پێنوێنی ئێس ئەند پی، 7 هەزار خاڵی تێپەڕاندووە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ باس لە نەتەوەیەکی "دەوڵەمەندتر" و "بەهێزتر" دەکات، ئامارە نوێیەکانی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس (CBO) و ئاژانسە جیهانییەکانی وەک "رۆیتەرز" راستییەکی جیاوازتر نیشان دەدەن.
 
ئابووریی ئەمریکا لە سەرەتای 2026 دا بە ئاقارێک دەڕوات کە لەلایەک بەهای بۆرسەکان بەرزبوونەتەوە و کۆمپانیاکان بە باشی کاردەکەن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی کار بەرەو سستبوونەوە روێشتووە و هەڵاوسانیش هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە کە گوشاری خستووەتە سەر گیرفانی هاووڵاتیان.
 
گەشە و ژمارە پێوانەییەکانی بازاڕ
 
بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەشەی ئابووریی ئەمریکا بێ بنەما نین. (پڕۆژەیاسای یاسای گەورەی جوان) و کەمکردنەوەی رووتینە یاساییەکان، بوونەتە هۆکار بۆ بووژانەوەی هەندێک کەرتی دیاریکراو. پیشەسازیی نێوخۆیی و پڕۆژەکانی ژێرخان، گەشەیەکی راستەقینەیان بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، 33 هەزار هەلی کار لە کەرتی بیناسازیدا راگەیەندران. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی پشکیان لە بازاڕدا هەیە کە زۆربەیان لەو 10%ـەی کۆمەڵگەی ئەمریکین کە دەوڵەمەندن، بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا و ژیری دەستکرد، ساڵی 2026ـی کردووەتە ساڵی قازانجی بێوێنە.
 
بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز کە بە هاوکاری لەگەڵ، ناوەندی رووپێوی (ئیپسۆس) راپرسییەکی لەسەر ئابووریی ئەمریکا کردووە دەڵێت، "تەنیا 36٪ـی خەڵکی ئەمریکا سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ بە گونجاو دەزانن." سەرەڕای بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی بۆرسەکانی ئەمریکا، گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی، (GDP)، لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2025 دا بەڕێژە 1.4% دابەزیوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بە 4.4%ـی سەرەتای هەمان ساڵ.
 
براوەو دۆڕاوەکانی سیاسەتی ئابووری ترەمپ
 
کاتێک لە هۆڵی بازاڕەکانی بۆرسەوە دێینە نێو ژوور و مەتبەخی هاووڵاتیان، بۆمان دەردەکەوێت دەستکەوتە ئابوورییەکانی ترەمپ تەنیا بۆ چینێکی دیاریکراون. "براوەکانی" سیاسەتی ئابووری ترەمپ ئەو کەسانەن کە لە کەرتی ژێرخانی دیجیتاڵی و فیزیکیدا کار دەکەن. وەستا و کرێکار و شارەزای تەکنۆلۆجیا باشترین دۆخی ئابوورییان هەیە و بەبەردەوامی کاریان دەستدەکەوێت. لە ماوەی سەرۆکاتی ترەمپ وەبەرهێنان لە ژێرخانی فیزیکی و دییجیتاڵیدا کراوە و ئەو کەسانە یان کۆمپانیانەی لەو دوو بوارەدا کاردەکەن قازانجی زۆریان کردووە.
 
لە بەرامبەردا، بۆ ملیۆنان ئەمریکی، "سەردەمی زێڕین" تەنیا مانشێتێکی دووری نێو هەواڵەکانە. خێزانە کەم داهاتەکان رووبەڕووی گوشارێکی دوولایەنە بوونەتەوە؛ هەرچەندە رەنگە سوودێکی کەم لە کەمکردنەوەی باجی سەر "بەخشیش" یان "کاتی زیادەی کار" ببینن، بەڵام نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس هۆشداری دەدات کە بڕینی هاوکارییە فیدراڵییەکان وەک بیمەی تەندروستی و هاوکاریی خۆراک، وای کردووە کۆی پشتیگرییە داراییەکان بۆ هاووڵاتیان کەمتر بێت لەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر هەیانبوو.
 
چینی ناوەڕاست و شارەزا لە کۆمپانیاکان هەست بەو گوشارە ئابوورییە دەکەن. لەکاتێکدا کۆمپانیاکان بەهۆی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکردەوە زیاتر لە جاران کارامەترن و خەرجییەکانیان کەم بووەتەوە، ئەوە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمەڵێک شارەزایی جیاواز چیدیکە لەو کۆمپانیانە پێویست نەبن. ئەمە بووەتە زەنگی مەترسیدار کە بازاڕی کاری ئەمریکای بەرەو سستبوونەوە و مت بوون هانداوە. هەرچەندە کۆمپانیاکان قازانجیان باشتر بووەو بەهای پشکەکانیان بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نیە هێزی کاری زیاتریان پێویستەو زۆرترین هەلیکاریان رەخساندووە . هەر ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ 4.3%. بۆ ئەوانەش کە لەسەر کارەکانیان ماونەتەوە، مووچەکانیان بەڕێژەیەکی کەم بەرزبووەتەوە و ناتوانن قەرەبووی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەتایبەتی نرخی کارەبا و کرێی خانوو و چاودێری تەندرووستی بکەن. 
 
چیرۆکی جیاواز
 
کەسێک کە لە پڕۆژەیەکی بیناسازی کاردەکات، بەپێی ئامارە فەرمییەکان بێت، بەهۆی پرۆژەکانی حکومەتەوە، مووچەکەی بەڕیژەی 7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. رەنگە بۆ ئەو کەسە، بانگەشەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ( گەشەی ئابووری) و (خاڵی وەرچەرخانی ئابووری) راست بێت. بەڵام بۆ کەسێک کە کارمەندی مارکێتینگ بووە لە کۆمپانیایەک و بەهۆی پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکردەوە، کارەکەی لەدەستداوە،  بەرزبوونەوەی بەهای بۆرسەکان و پشکی کۆمپانیاکان، تەنیا هەواڵێکە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک. 
کەواتا بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەشەی ئابووری ئەمریکا لە ڕووی ئامارییەوە ڕاستە، بەڵام خەیروبەرەکەتەکەی تەنیا لە لوتکەدا چڕبووەتەوە. لە کاتێکدا چینی دەوڵەمەند و سەرووی کۆمەڵگەی ئەمریکی، ژیانێکی ئەفسووناوییان هەیە، بەڵام خێزانە ئاساییەکان، چینی خوارەوەی کۆمەڵگە، لەبەردەم راستییەکی تاڵن؛ سستبوونەوەی بازاڕی کار و گرانی شتومەک و پێداویستییە رۆژانەکانیان.