100 بیری نوێی نەوت لە ئامەد لێدەدرێن؛ ئامانج رۆژانە 20 هەزار بەرمیلە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی هەرێمی ئێلیهـ لە کۆمپانیای نەوتی تورکیا دەڵێ، ئەم ساڵ لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان 100 بیری نوێی نەوت لێدەدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج ئەوەیە بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە پارێزگاکەدا لە 15 هەزار بەرمیلەوە بۆ 20 هەزار بەرمیل بەرزبکرێتەوە.
 
محەممەد تاهیر ئەرگین، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی هەرێمی ئێلیهـ لە کۆمپانیای نەوتی تورکیا، زانیاریی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان بۆ ساڵی 2026 خستەڕوو.
 
محەممەد تاهیر ئەرگین گوتی، ئێستا لە ئامەد رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێ، بەڵام پلانی زیادکردنیان هەیە. 
 
ئەرگین گوتی: "لە ساڵی 2026ـدا لە ئامەد نزیکەی 100 بیری نوێ لێدەدەین. پێشبینی دەکەین بەم بیرە نوێیانە بەرهەمی رۆژانەمان بگاتە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل. هەر بیرێک کە لێیدەدەین، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ بازرگانی، ئابووری و دابینکردنی هەلی کار لە ناوچەکە."
 
محەممەد تاهیر ئەرگین جەختی لە ستراتیژیی "سەربەخۆیی لە وزە"لە تورکیا کردەوە و رایگەیاند، ئەو نەوتەی بە سەرمایە و تەکنەلۆژیای نێوخۆیی دەردەهێندرێت، سوودێکی زۆر بە ئابووریی تورکیا دەگەیێنێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامەد لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا پێگەیەکی ستراتیژی هەیە و گوتی: "مێژووی نەوتی ئامەد کە لە ساڵی 1961 دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بەخێرایی بەردەوامە. بەو وەبەرهێنانانەی لە ساڵی 2026ـدا دەیکەین، پلانمان وایە ئامەد لە بواری نەوتدا ببێتە شارێک کە ناوی بە پیتی زێڕین بنووسرێتەوە."