عێراق لە لیستی باشترین بەرهەمهێنەرانی خورما پاشەکشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گشتیی دروستکردن و بازاڕکردنی خورمای عێراق رایگەیاند، ئاست و توانای بەرهەمهێنانی خورما لە وڵاتەکەدا دابەزیووە و بەوەش ناوی عێراق، لە لیستی باشترین بەرهەمهێنەرانی خورما لە جیهاندا، پاشەکشەی کردووە.
کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە عێراق، بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی باشترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری خورما دابەزیوە و ریزی پێنج باشترینەکانی جیهانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا ساڵانێکی زۆر لە پێشەنگی بەرهەمهێنەرانی خورمادابوو لەسەر ئاستی جیهاندا.
ساڵی رابردوو عێراق پلەی پێنجەمی سەر ئاستی جیهانی بەدەستەوەبوو، بەر لەوەی لیستی پێنج پێشەنگەکەی جیهان بەجێبهێڵێت کە ئێستا سعودیە، میسر، جەزائیر، ئێران و ئیمارات دەگرێتەوە.
کۆمپانیاکە کە هەواڵی لەدەستدانی پێشەنگانی بەرهەمهێنەری خورمای لە جیهاندا راگەیاندووە، لە بڵاوکراوەیەکدا هۆکاری پاشەکشەی عێراق بۆ دابەزینی نرخی خورما و لاوازیی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی گۆڕین، گێڕاوەتەوە.
وڵاتانی عەرەبی، نزیکەی 75٪ی بەرهەمهێنانی خورما لە جیهاندا لە خۆ دەگرن، کە رێژەکەی دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن تۆن ساڵانە. پرۆسەکانی وشککردنی بێستانەکان و دەستدرێژی و تێکدانی ناوچە سەوزاییەکان لە عێراقدا، هەروەها بڵاوبوونەوەی درمەکان و پشتگوێخستن و کەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماکان لە دەیەی رابردوودا، لە 30 ملیۆن دارخورماوە بۆ نزیکەی 20 ملیۆن دارخورما، هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی بڕی ئاست و جۆری خورمای عێراقن.
پێشتر ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری عێراق، بەرپرسیاریەتی وشکبوونی ملیۆنان دارخورمای، خستە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق. مەسعودی گوتی بەهەموو عێراق، تەنیا 7 فڕۆکەی کشتوکاڵیمان هەیە و ئەو فڕۆکانەش لە 2013ەوە تائێستا، تەنیا 500 کاژێر بۆ دەرمانڕێژکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان فڕیون.
ئەو گوتی: "کەمیی ژمارەی ئەو فڕۆکانە، هۆکاری وشکبوونی هەموو جۆرە دارەکانە، لەبەرئەوەی کار بۆ قەڵاچۆکردنی مێروو و ئافاتە کشتوکاڵییەکان ناکرێت کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە بڵاوبوونەوەدان".
ئەحمەد خەساف، ئەندامی یەکێتیی جووتیارانی عێراق، بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە: "دابەزینی ریزبەندی عێراق، رووداوێکی پێشبینینەکراو نییە، دەبێ سوپاسی خوا بکەین کە بۆ پلەی دەیەم دانەبەزیوە، چونکە دارخورماکانی عێراق، بەر لە دەرەوە، لە ناوخۆدا دژایەتی دەکرێن".
خەساف، روونیدەکاتەوە کە پرۆسەی وشککردن و پووچکردنی دارخورما، لە زۆر ناوچەی عێراقدا هەیە، لەپێناو گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ زەوی نیشتەجێبوون یان بازرگانی، لەپێناو فرۆشتنەوەیدا بەدەسەڵاتداران و حیزبە گەندەڵەکانی ناو پرۆسەی سیاسی، کە چاویان لە هەموو شتێکی عێراقە، ئەمە جیا لە بڵاوبوونەوەی ئافات و دەردە کشتوکاڵییەکان و پشتگوێخستن.
موئەیەد فالح، کە پسپۆری ئابوورییە، ئاشکرایکردووە وڵاتەکەی توانای هەڵسانەوەی لەو نوچدانەی ئێستا هەیە لە کەرتی بەرهەمهێنانی خورمادا، لە رێگەی چەند هەنگاوێکەوە کە یەکەمیان بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی خورمای ناوخۆ، هاوشێوەی بەرهەمهێنەرانی گەنم و جۆ، کە بە نرخی پشتگیریکراوی حکومی بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە، ئەمە جیا لە رەخساندنی هەلی ئاسان بۆ خاوەن دارخورماکان و رێگرتن و بەتاوان ناساندنی پرۆسەکانی تێکدان و دەستدرێژی بۆ سەر کێڵگەکانی خورما.
عێراق لە ساڵانی رابردوودا، توانای هەناردەکردنی خورمای لەدەستدا. پێشتر سەید روحوڵا لەتیفی، گوتەبێژی گومرگی ئێران ئاشکرایکردبوو، عێراق بازاڕی یەکەمی فرۆشتنی خورمای ئێرانە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە روونیکردبووەوە تەنیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، وڵاتەکەی بەبەهای 9،7 ملیۆن دۆلار، خورمای بە عێراق فرۆشتووە.