پرۆژەیەكی بەخێوكردنی كەو لە هەولێر چاوی لە سەركەوتنە

رووداو- هەولێر

بە ئامانجی دامەزراندنی كێڵگەیەكی دایكانەی كەو و زیادكردنی جۆرێكی دیكەی گۆشتی پەلەوەر لەكوردستان، بە سەرپەرشتی مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەددین كێڵگەیەكی بەخێوكردنی كەو لە هەولێر دامەزرا.

بیرۆكەی دامەزراندنی پرۆژەكە دوای سەركەوتنی پڕۆژەی بەخێوكردنی هەوێردە لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەددین سەری هەڵدا، ئەگەر پڕۆژەكەش سەركەتوو بێت، دەبێتە یەكەم پرۆژەی بەخێوكردنی كەو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.   

پەیام سادق، پسپۆڕ لە زانستەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سەڵاحەددین و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە (رووداو)ی گوت "دوای سەركەوتن لە پرۆژەی بەخێوكردنی هەوێردە، بیرمان لە دامەزراندنی پڕۆژەیەكی دایكانەی كەو كردەوە. فەرمانبەرێكی كۆلێژەكەشمان تێچووی پڕۆژەكەی گرتە ئەستۆ و دەستمان بە دامەزراندنی كێڵگەكە كرد".

پڕۆژەكە لەسەر رووبەری دوو دۆنم زەوی لە نزیك گوندی دۆڵەبەكرەی سەر بەناحیەی قوشتەپە دامەزراوە، وەك دەستپێكیش بە پەروەردەكردنی 230 جوجەڵەی كەو دەستی پێكردووە.

پەیام سادق كە ماستەری لە بەخێوكردنی پەلەوەر لە توركیا خوێندووە، خاوەنی بیرۆكەی یەكەم پرۆژەی بەخێوكردنی هەوێردەیە لەكوردستان، دەڵێت "دەمانتوانی پرۆژەكە بەژمارەیەكی زیاتر لە جوجەڵە دەست پێبكەین، بەڵام بۆ ئەوەی پڕۆژەكە قۆناغ بە قۆناغ بچێتە پێشەوە و كەوەكانیش بەشێوەیەكی تەندروست و ستاندارد پەروەردە بكەین، بە باشمان زانی بەم ژمارەیە دەست پێبكەین". 

كەو لە ژینگەی سروشتیدا، ساڵانە لە وەرزی بەهاردا 20 تاوەكو 30 هێلكە دەكات، ماوەی 24 رۆژی پێویستە بۆ توركاندنی هێلكەكە، بەڵام لە كێڵگەكاندا ئەگەری زیادكردنی رێژەی هێلكەكردنی هەیە.

پەیام سادق دەڵێت "لە توێژینەوەكاندا سەلمێنراوە لە رێگەی دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار و خۆراكی باش، دەتوانرێت وا لە كەو بكرێت لە وەرزەكانی دیكەشدا هێلكە بكات و ساڵانەش تاوەكو 100 هێلكە بكات".

پەیام و تیمەكەی بەپێی ستاندارد خۆراك بە كەوەكان دەدەن، بۆیە كەوەكانیان لە بارودۆخێكی تەندروستی زۆر باشدان و رێژەی مردنیان لەرێژەی ستاندارد كەمتر بووە.

پەیام سادق گوتی "لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا پێشبینی دەكەین كەوەكانمان هێلكە بكەن و نزیكەی هەزار هێلكەمان دەست بكەوێت، بەدانانەوەی هێلكەكان، پرۆژەكە قۆناغێك دەچێتە پێشەوە".

كەو ناوە زانستییەكەی (Perdix)ە و بەدەیان جۆری هەیە، ئەو جۆرەی لەچیاكانی كوردستان هەیە بە ( chukar Partridge) ناودەبرێت. ئەو پەلەوەرە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە، دەمێكە بەمەبەستی گۆشت لە كێڵگە بەخێو دەكرێ. لە وڵاتانی ئێران و توركیاو میسریش بەخێوكردنی لە كێڵگەدا بۆ گۆشت قۆناغی باشی بڕیوە. 

لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و لەشاری هەولێر بەتایبەتی، پێشتر چەند پرۆژەیەكی بەخێوكردنی كەو لە كێڵگە هەبووە خواستێكی زۆریش لەسەر بەرهەمەكانیان هەبووە، بەڵام پڕۆژەكان بەردەوام نەبوون.

غازی رەحمان محەممەد، خاوەنی پڕۆژەكە، هۆكاری بەردەوام نەبوونی پڕۆژەكانی ئاشكرا كرد و گوتی "زۆربەی ئەو كەسانەی پێشتر لە كوردستان پڕۆژەی بەخێوكردنی كەویان هەبووە، بەدوای قازانجی خێراوە بوون و بە شێوەیەكی نازانستی كەوەكانیان بەخێوكردووە، بەمەش رێژەی مردنی كەوەكانیان زۆر بووە، بۆیە وازیان هێناوە".

غازی رەحمان بۆ ئەوەی تووشی هەمان گرفت نەبێ‌، پرۆژەكەی بە كەسانی خاوەن پسپۆڕ سپاردووە. ئێستا تەمەنی كەوەكانی لە سێ مانگ نزیك بووەتەوە.

غازی رەحمان دەڵێت "بەدانانەوەی هێلكەكان، بەشی دووەمی پڕۆژەكەمان دەستپێدەكات كە بریتییە لە زیادكردنی كەوەكان تاوەكو ئاستی پێویست. فرۆشتنی هێلكەو جوجەلە بەو خاوەن پرۆژانەی كە ئارەزووی بەخێوكردنی كەویان هەیە". 

غازی رەحمان خەمی ساغكردنەوەی بەرهەمی نییە و گوتی "لە كوردستان خواستێكی زۆر  لەسەر گۆشتی كەو هەیە، بۆیە دڵنیام ئەگەر رۆژانە هەزار كەویشمان ئامادەبێ‌ بۆ فرۆشتن، گرفتی بە بازاڕكردنمان نابێت".

مەسعود محەممەد ساڵح، خاوەنی كێڵگەی زنجیر بۆ بەخێوكردنی پەلەوەر 3000 هێلكەی كەوی لە هەڵهێنەری كێڵگەكەی داناوەتەوە و چاوەڕێی توركاندنیان دەكات. دەڵێت "ئەگەر ئەم پڕۆژەیە هێلكەی كەو بە كواڵیتییەكی باش و نرخێكی گونجاو بخاتە بازاڕ، دڵنیام هیچ گرفتێكی بۆ ساغكردنەوەی هێلكە و جوجەڵەكانی نابێت، هاوردەكردنی هێلكەی كەویش بەقاچاخ لە ئێرانەوە رەواجی جارانی نامێنێ‌".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو 1.281 پڕۆژەی پەلەوەر لە كوردستان هەن كە ساڵانە توانای دابینكردنی زیاتر لە 140 هەزار تۆن مریشكیان هەیە، بەڵام بەهۆی گرفتی بەبازاڕكردنەوە  نزیكەی 30%ی  پرۆژەكان داخراون.

عەبدولخالق عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر، بە (رووداو)ی گوت "بۆ زیادكردنی جۆرێكی دیكە گۆشت  و بەكارخستنەوەی كێڵگەكان ئامادەین مۆڵەت بدەینە هەر خاوەن كێڵگەیەك لە جیاتی مریشك كەو لەكێلگەكەی بەخێو بكات".

عەبدولخالق عەبدولقادر گوتیشی "بوونی كێڵگەی بەخێوكردنی كەو جگە لەوەی دەبێتە هۆی دابینكردنی جۆرێكی دیكە لە گۆشت، هەنگاوێكیشە بۆ بوژانەوەی ژینگەی كوردستان و بەگەڕخستنەوەی كێڵگە لەكاركەوتووەكان، بۆیە ئێمە پاڵپشتی هەر وەبەرهێنەرێك دەكەین پڕۆژەی بەخێوكردنی كەو یان هەر پەلەوەرێكی دیكە دابمەزرێنێ".

هێلكەی قاچاخ نابنە كەو

بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی دایكانەی كەو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشێك لە ئارەزوومەندانی بەخێوكردنی كەو، هێلكە لە ئێرانەوە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن. دوای دانانەوە و هەڵهێنانی جوجەڵەكان دەفرۆشنەوە، بەڵام دەڵێن زۆربەی هێلكەكان نابنە كەو. مەسعود محەممەد ساڵح، خاوەنی كێڵگەی زنجیر بۆ بەخێوكردنی پەلەوەر و ئاژەڵ كە چەند جارێك هێلكەی لە قاچاخچییەكان كڕیووەتەوە، دەڵێت "ئەو هێلكانەی بە قاچاغ لە ئێرانەوە دەهێندرێن، بەهۆی لەقانەوە 50%یان نابنە جوجەڵە".