ئۆنسەیەک زێڕ 100 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهۆی زیادبوونی چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، نرخی زێڕ بە رێژەی 1.5٪ بەرزبووەوە و توانی 4,150 دۆلار دەربازبکات.
ئێستا نرخی زێڕ بە نزیکەی 4,140 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بارت مەلەک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازاڕ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە مانگی داهاتوو بانکی ناوەندی هاوشێوەی مانگی 10 سوودی بانکی کەمدەکاتەوە."
جۆن ویلیامز، بەڕێوەبەری لقی نیویۆرکی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندووە: "بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەتوانێت سوودی بانکی دابەزێنێت بەبێ ئەوەی نیگەران بێت لە سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان."
بەپێی داتاکانی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، ئێستا بازرگانان بە رێژەی 79٪ چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا دەبینن.
ئەمڕۆ سێشەممە کۆمەڵێک داتای ئابووری لە کەرتی وردەفرۆشی و کۆفرۆشی بڵاودەبنەوە کە دەتوانن کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ بەجێبهێڵن.
بارت مەلەک دەڵێت: "بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکان دەکەن و ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە رەنگە داتاکان ئاماژە بە هێوربوونەوەی نرخەکان بدەن و مەزەندەی ئەوە دەکەن کە هەڵاوسان هێندە بەرزنەبووبێتەوە."