پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر "دۆلاری هەرزانی حکومەت"دا گرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی كەناڵی ئاسمانیی ئینتەرناشناڵی ئێرانی لە لەندەن، سووپای پاسدارانی ئێران سوودێکی زۆر لەو سیستەمە دەبینێت کە "دۆلاری هەرزان" بۆ هاوردەکاران دابین دەکات، پاسداران ئەو دۆلارە لە بازاڕدا بە شەش قاتی نرخی خۆی دەفرۆشێتەوە.
 
بەهۆی ئەو گوشارەی ئیدارەی ترەمپ بەسەریدا سەپاندووە، رژێمی ئێران و باڵە سەربازییەكەی كە هێزی پاسدارانە، زۆر بەزەحمەت دەتوانن دراوی قورس بەدەستبێنن.
 
شاهید عەلەوی، رۆژنامەڤان لە كەناڵی ئێرانی نێودەوڵەتی بە فۆكس نیوزی راگەیاندووە "بە مەبەستی رێگرتن لە دابەزینی زیاتری نرخی ریال، حكومەتی ئێران رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار دەخاتە بازاڕ، كە پێویستە ئەو دۆلارە بۆ هاوردەکارانی كاڵاكان و ئاڵوگۆڕ لە بازاڕ دابینبكرێت، بەڵام فەیلەقی قودس لە رێگەی بۆرسە نایاساییەكانی سەر بە هێزی پاسدارانی ئێرانی و بە هاوكاری بانكی ناوەندی زۆربەی ئەو دۆلارانە بە نرخێكی هەرزانتر دەكڕێت و لە گرووپە چەكدارە نایاساییەكانی سەر بە هێزی پاسدارانی ئێرانی لە ناوچەكە خەرجدەكرێت".
 
بانکی ناوەندی ئێران لە نیسانی ساڵی 2018ەوە دۆلار بۆ هاوردەکاران بە نرخی هەرزان دابین دەکات، ئەو دۆلارە کە لە نێو خەڵک بە "دۆلاری حکومەت" ناسراوە. بانکی ناوەندی بە 42 هەزار ریال دەیداتە هاوردەکاران، لە کاتێکدا نرخی یەک دۆلار لە بازاڕ بە 260 هەزار ریاڵە.
 
ئەو كۆمپانیا ئێرانیانەی بەرهەمە بنەڕەتیییەکانی وەکو دەرمان، كەلوپەلی ئەلیكتڕۆنی و گەنم هاوردە دەکەن، دەتوانن دۆلار بەنرخێكی گونجاو بەدەستبێنن و کاڵای پێ هاوردە بکەن، بەڵام پاسداران و كۆمپانیا نزیكەكانی سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن بۆ پارەدارکردنی لایەنگرانیان لە دەرەوەی سنووری ئێران.
 
یەكێك لە گەورە بەڕێوەبەرانی سیستمی بانكی ئێرانی بە ماڵپەڕی ئینترناسیونالی ئێرانی راگەیاند: "وەزارەتی بەرگری ناو و بەڵگەنامەی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی بێ مۆڵەت بەكاردێنێت بۆ بەدەستهێنانی دراو و گرێبەستی ساختە دەداتە بانكی ناوەندی."
 
هەروەها دەڵێت: "بانكی ناوەندی هەرچەندە دەزانێت ئەو گرێبەستانە ساختەن، بەڵام دەیان ملیۆن دۆلار لە داهاتی گەلی ئێران بۆ وەزارەتی بەرگری و فەیلەقی قودسی سەر بە هێزی پاسداران تەرخان دەكات، لەبری ئەوەی بیداتە بازرگانان و لە بواری بازرگانی بەكاریبێنێت".
 
مارك جازیت، سەرۆكی جێبەجێكاری ئاسایشی سایبری  و داتا زەبەلاحەكان لە كۆمپانیای شرۆڤەكاری  ThetaRay  دەڵێت: "بانكی ناوەندی، پەیوەندی بە هەناردەکاران دەكات و دەڵێت، پێویستیمان بە یۆرۆ و دۆلارە بۆ ئەوەی بیدەینە هاوردەكاران لە بەرامبەر هاوردەكردنی كاڵا گرنگەكان بۆ ئێران، بەڵام دواتر ئەو پارانە دەدرێنە هێزی پاسدارانی ئێرانی كە لە چەك خەرجی دەكات".
 
بە گوتەی جازێت هێزی پاسداران ژمارەیەكی زۆر هەژماری بانكی بەناوی ساختەی هەیە و ژمارەیەكی زۆری مامەڵەی بچووك دەکات كە چاودێریكردنیان زەحمەتە، لەو رێگەیەوە دۆلاری هەرزانی دەستدەکەوێت.
 
جازیت پێیوایە بەكارهێنانی ئەو رێگایە لەلایەن فەیلەقی قودس بەو قەبارەیە زیان بە نرخی فرۆشتن دەگەیەنێت و خستنەڕووی دراوی پێویست بۆ هاوردەكردنی كاڵاو دەرمان كەمدەكاتەوە و دەڵێت: "مامەڵەی ناشەرعی نێوان هێزی پاسدارانی ئێران و بازرگانانی پارە، گەورە بەرپرسان لەلایەن نووسینگەی لۆجستی و توێژینەوەی پیشەسازیی وەزارەتی بەرگری سەرپەرشتی دەكرێت، ئەویش لەرێگەی ژمارەیەك نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی سەر بە وەزارەت لەوانە سەید حوجەتوڵڵا قوڕەیشی، فەرماندە لە هێزی پاسداران و رەزا قولی ئیسماعیلی، یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ توێژینەوە و كاروباری پیشەسازی و یەكێك لە یاوەرانی لە وەزارەتی بەرگری".