نرخی زێڕ گەیشتە 5090 دۆلار؛ ئاستێکی نوێی مێژووییە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، ئاستی 5000 دۆلاری تێپەڕاند و ئۆنسەیەکی ئێستا بە نزیکەی 5080 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمڕۆ نرخی زێڕ تەنانەت ئاستی 5090 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینیوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ نیگەرانییە جیۆسیاسییەکان دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان و وەبەرهێنان وەک پەناگەیەکی ئارام روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوو ئۆنسەیەکی بە 5068 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ بە تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بەڕێژەی 17٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەکەی، جگە لە تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسییەکان، کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکییە لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوایین هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ چەندین هەڵەی ئیدارەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە متمانەی بە سیاسەتی ئابووریی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهاندا لاوازکردووە."
هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر سەپاندنی پێناسی گومرکی 100٪ بەسەر کەنەدا و سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرکی بەسەر هەندێ بەرهەمی فەرەنسی، متمانەی بە سیاسەتی دارایی و ئابووریی ئەمریکا نەهێشتووەتەوە.
ئەو هەڕەشانە هەموویان لە بەهای دۆلاریان کەمکردووەتەوە و بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزاکان.